ژیلان سەڵاح خاوەنی مەدالیای زێڕین:لە یاری گۆڕەپان و مەیدان كەس ناتوانێت ركابەریم بكات

ژیلان سەڵاح خاوەنی مەدالیای زێڕین:لە یاری گۆڕەپان و مەیدان كەس ناتوانێت ركابەریم بكات
ژیلان سەلاح لە دایكبووی ساڵی 1994ی شاری سلێمانیە و یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانیە و قوتابی قۆناغی دووەمی پەیمانگای وەرزشی سلێمانیە، هەر لە سەرەتای وەرزشی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری كردووە و تا ئێستاش هەر لەم یانەیە بەردەوامە و یاریزانی 400م بەربەستە و لە هەندێك لە پاڵەوانێتیەكان لەگەڵ یانەكەی بەشداری لە راكردنی 400م و بازی بەرز و راكردنی پۆستە.
ژیلان لە ساڵی 2007 هاتە نێو یاری گۆڕەپان و مەیدان و لە ساڵی 2008 بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بۆ گۆڕەپان و مەیدان كراوە، لە ماوەی رابردوودا یاریزان ژیلان سەڵاح لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا كرد، كە لە لوبنان بەڕێوەچوو و توانی ملوانكەی زێڕ بە دەستبهێنێت و بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهان-ی كرد لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، كە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیە لەگەڵ ئەنجام بدەین.
* گرنكترین ئەنجامەكانت تا ئێستا چییە؟
- لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق پلەی یەكەم لە ڕاكردنی 400م بەربەستم بۆ ئاستی تازەپێگەیشتووان بە دەستهێناوە و بەشداریم لە ماراسۆنی نێودەوڵەتی كردووە، كە لە لوبنان بەڕێوەچوو و توانیم پلەی پێنجەم بە دەستبهێنم و لە ساڵی 2010 لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریم لە پاڵەوانێتییەك كرد لە وڵاتی ئیمارات و توانیم لەگەڵ یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە ڕاكردنی پۆستە ملوانكەی زێر لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان بە دەستبێنم، هەر لە هەمان ساڵدا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریم لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا كرد لەسەر ئاستی لاوان لە ڕاكردنی 400م بەربەست پلەی چوارەم بەدەستهێنا و لە هەمان ساڵدا لەگە ڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەشداریم لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی كرد لە وڵاتی ئوردن لە ڕاكردنی 100م بەربەست پلەی یەكەمم بە دەستهێنا و لە یاری 400م بەربەست ملوانكەی زێڕم بە دەستهێنا و لە ڕاكردنی 400م ملوانكەی زێڕم بە دەستهێنا و لە ڕاكردنی پۆستە (4*100)م ملوانكەی زیوم بە دەستهێنا و بەشداریم لە پاڵەوانێتی جیهان كرد لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، لە فەرەنسا لە شاری لیل بەرێوەچوو.
* هەست بە چی دەكەی دوای توانیت ملوانكەی زێر لە پاڵەوانێتی خۆرئاوای ئاسیا بە دەستبهێنێت؟
- هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەم، چونكە دوای بە دەستهێنانی ئەم دەستكەوتە وا هەستم كرد ماندووبونم و ماندبوونی ڕاهێنەرەكەم بە فیرۆنەچووە، چونكە لە مەشقكردن زۆر لەگەڵم.ماندووە.
* لەم پاڵەوانێتیەدا ڕكابەری چۆن بوو ؟
- ڕكابەرێكی زۆر بەهێز بوو، بە تایبەتی لە ڕاكردنی 400م بەربەست، چونكە كچە یاریزانێكی سوری ڕكابەرم بوو، لە پاڵەوانێتیەكی ڕابردوو توانی لە من بباتەوە، بەڵام ئەمجارە توانیم سەركەوتن بە دەستبهێنم.
* هەر چەندە ئەنجامت لە پاڵەوانێتی جیهان بۆ تازەپێگەیشتووان باش نەبوو، تا چەند سودت لەم پاڵەوانێتییە وەرگرت؟
- لە هەر پاڵەوانێتیەك، كە بەشداری تیاییدا دەكەیت سودی خۆی هەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوو سوود لەم وانەیە وەربگرین و كەموكورییەكانمان نەهێڵین، لە ڕووی دەرونییەوە لەم پاڵەوانێتییە سوودێكی باشم لێوەرگرت و هۆكاری بە دەستنەهێنانی ئەنجامێكی باش لەم پاڵەوانێتیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە لە توركیا ئۆردوگایەكی مەشقمان ئەنجامدا بۆ ماوەی یەك مانگ، بەڵام لە كۆتایی ئۆردوگا مەشقییەكە تووشی نەخۆشی بووم و ماوەی سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەكی توركیا مامەوە، بۆیە نەمتوانی لە پاڵەوانێتی جیهان لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنم.
* تا ئێستا چەند ژمارەی پێوانێت شكاندووە؟
- لە ڕاكردنی 400م بەربەست لەسەر ئاستی كوردستان ژمارەی پێوانەیی بە ناوی منە و زۆر نزیكم لە شكاندنی ژمارەی پێوانەیی لەسەر ئاستی عێراق.
* لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی ؟
- هیچ كەس بە ڕكابەری خۆم نازانم و كەس ناتوانێت ڕكابەریم بكات لە ئاستی یارییەكەم و تەمەنی خۆمدا.
* تا چەند سوودت لە ڕاهێنەری جەزائیری نورەدین تاجەدین وەرگرتووە؟
- سوودێكی زۆر باشم لێوەرگرتووە و دەست خۆشی لێدەكەم.
* چۆن خۆت بۆ پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو ئامادە كردووە؟
- بۆ پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو بە باشی خۆم ئامادە كردووە بە تایبەتی پاڵەوانێتییەكانی عەرەبی لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، لە تونس بەڕێوە دەچێت.
* ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئێستا بایەخی زیاتر بە وەرزشی ئافرەتان دەدرێت و هیوادارم زیاتر بایەخی پێبدرێت، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بایەخێكی زۆر بە تیپی ئافرەتان دەدا و هەموو شتێكمان بۆ دابین دەكات، هەرچەندە لە ڕووی یاریگە و هۆڵی داخراو و هۆڵی ئاسن كەمو كووڕیمان هەیە، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا بایەخێكی زیاترمان پێبدەن.
* داوا كارێت چییە؟
- هیوادارم دایك و باوكی كچە وەرزشوانەكان زیاتر بایەخ بە كچەكانیان بدەن و ڕێگە بدەن، كە بێنە نێو وەرزش و هەروەها داوا لە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەكەم زیاتر هاوكاری یاریزانە پاڵەوانەكان بكات بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامی باشتر بە دەستبهێنن.
Top