گواردیۆلا پاڵێوراوی سەرەكییە بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕینی راهێنەران

گواردیۆلا پاڵێوراوی سەرەكییە بۆ بردنەوەی تۆپی زێڕینی راهێنەران
رۆژنامەی ئەلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشكرای كرد پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پاڵێوراوی سەرەكییە بۆ بردنەوەی نازناوی تۆپی زێڕینی راهێنەران بۆ وەرزی رابردوو، دوای ئەوەی توانی نازناوی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی سوپەری ئیسپانی و ئەوروپی بباتەوە.
خەڵاتەكە بۆ ساڵی دووەمە دابەش دەكرێ و وەرزی رابردوو جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری ریال مەدرید توانی ئەو نازناوە بباتەوە دوای ئەوەی پێشەوایەتی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی جام و خولی ئیتاڵیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
رۆژنامەكە دەڵێ یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەزانێ كە قەرزێكی زۆر لە بەرامبەر گواردیۆلادا هەیە و دەبێ بدرێتەوە.
ناوی براوەی خەڵاتەكە ئەوكات ئاشكرا دەكرێ كە 10 ئەندامی فیفا دەنگی خۆیان بە راهێنەری شایستەی خەڵاتەكە بدەن و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بریتین لە ئۆزیبیۆ، پێلێ، هۆگۆ سانچێز، جۆرج ویا، بۆنیك، رۆجێ مێلا، ستۆیچكۆف و بیتۆ ئەلۆنسۆ.
ركابەرانی گواردیۆلا لەسەر ئەم نازناوە بریتین لە یواكیم لۆڤی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ڤیسنتی دیل بۆسكی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری ریال مەدرید، پیت ڤان مارڤیكی راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ئۆسكار تابارێزی راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای.
Top