داوادەكرێ یاریزانانی باسكەی ئەمەریكا خولێكی تایبەت بە خۆیان بكەنەوە

داوادەكرێ یاریزانانی باسكەی ئەمەریكا خولێكی تایبەت بە خۆیان بكەنەوە
ئەماری ستۆدمایەری ئەستێرەی یانەی نیویۆرك نیكسی ئەمەریكی گوتی یاریزانانی خولی باسكەی ئەمەریكی ناسراو بە ئێن بی ئەی خولێكی تایبەت بە خۆیان دەكەنەوە لەبری ئەوەی بە شوێن تیپی باسكەدا بگەڕێن لە ئەوروپا.
لێدوانەكانی ئەماری دوای ترسی زۆر هات لە ئەگەری دواخستنی وەرزی داهاتووی خولی باسكەی ئەمەریكی بەهۆی مانگرتنی بەهێزی یاریزانانی ئەو خولە لەسەر رێنەكەوتن لەسەر كرێ و مافەكانی یاریزانانی بەشدار لە خولەكەدا.
ستۆدمایەر گوتی بۆچی بچینە ئەوروپا؟ دەچین خولێكی تایبەت بەخۆمان وەك یاریزانان دەكەینەوە، با بزانین چەند ساڵی داهاتوو مانگرتنەكان بە كوێمان دەگەیەنن و ئەوكات خولی تایبەت بە خۆمان دەكەینەوە.
مایەری ئاماژەی بەوەنەدا ئەو خولەی باسی دەكات لە رووی داراییەوە پشتگیری دەكرێ یان نا، بەڵام گوتی ئێمە دەمانەوێ لە خولی ئێن بی ئەی یاری بكەین، بەڵام ئەگەر رووی نەدا چی بكەین؟ ناتوانین دەستەوسان دانیشین، رێگامان زۆرە بۆ یاریكردن بە ئاستێكی بەرز و ركابەریكردن لەسەر بردنەوی نازناو و چێژ وەرگرتنی خۆمان و هاندەرانیش.
ئەو گوتی ئێستا ئاراستەی بیركردنەوەی زۆرینەی یاریزانانی بەشدار لە خولەكە بەو شێوەیەیە و دوور نییە ئەوە ببێتە راستی.
یاریزانانی باسكەی ئەمەریكی چەند رۆژێك لەمەوپێش لە فلۆریدا كۆبوونەوە و چەند یارییەكی خێرخوازییان ئەنجامدا كە سەدایەكی گەورەی هەبوو چونكە كەشی یارییەكان وەك ركابەرییەكی بەهێزی نێو خولەكە وابوو.
Top