لیڤەرپوول هەڕەشەی كشانەوە دەكات
بەپێی ئەو گرێبەستەی ئێستا كراوە و لە 2010 تا 2013 دەخایەنێت و بڕەكەی 5 ملیار دۆلارە، هەموو یارییەكان بە شێوەی كۆمەڵ دەفرۆشرێن و داهاتەكەی بە یەكسانی لە نێوان هەموو یانەكاندا دابەشدەكرێت.
ئایان ئایری بەڕێوەبەری كارگێڕیی یانەی لیڤەرپوول گوتی پێویستە یانەكان هەریەكە و یارییەكانی خۆی لە دەرەوەی ئینگلتەرا بە جیا بفرۆشێتەوە، چونكە ئەوە پارەی زیاتر دەداتە یانەكان.
ئایری گوتی گۆڕانكاری رووی داوە و یانەكان ئێستا لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە، لەوانەیە لە داهاتوویەكی نزیكدا وەك ئیسپانیا بكەین و بمانەوێ یارییەكانی خۆمان بە تەنیا بفرۆشینەوە.
ئەو بەرپرسەی لیڤەرپوول گوتی لە ئینگلتەرا ئاساییە هەرچۆنێك بێت، بەڵام لە دەرەوەی هەر یانە گەورەكان بینەریان هەیە و خەڵك پارە دەدات بۆ بینینی یارییەكانیان لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە، ئیدی چۆن دەكرێ لیڤەرپوول و چێڵسی و مانچستەر و یانەیەك كە ئەمساڵ هاتووەتە خولی نایابی ئینگلیزییەوە یەك بڕە پارە وەربگرن.
بەرپرسەكەی لیڤەرپوول گوتی ئێستا پێویستیمان بە پێداچوونەوە بەو رێكەوتنە هەیە و دەبێ شتێكی تر بكەین، ئەگەر نا هەڵوێستی تر وەردەگرین.