ڤینگەر .. ئەرسنال لە نازنـاوی خولی ئینگلتەرا دوورە

ڤینگەر .. ئەرسنال لە نازنـاوی خولی ئینگلتەرا دوورە
دوای ئەوەی یانەی ئەرسنال تووشی چوارەمین دۆڕاندن هات لە هەفتەی حەوتەمی خولی پلە نایابەكانی ئینگلتەرا لە بەرامبەر یانەی تۆتنهام بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك، ئارسن ڤینگەر راهێنەری یانەی ئەرسنال دانی بەوەدانا كە یانەكەی لە ململانێ لەسەر نازناوی خولی ئینگلتەرا دوور كەوتۆتەوە لەبەر ئەوەی یانەكەی بە جیاوازی 12 خاڵ لە دوای هەردوو یانەی مان یونایتد و مان سیتیە.
ڤینگەر لە لێدوانێكدا بە راشكاوی قسەی كرد و گوتی : لە حاڵی حازردا پێویستە ئامانجێكی واقعیانە لەبەردەم خۆمان دابنێین، ئێمە لە ململانێیەكی بەهێز دەبین لەگەڵ چەند یانەیەكی دیكە بۆ بەدەستهێنانی پلەی چوارەم و بەشداریكردن لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە وەرزی داهاتوو، ئێمە هەڵە دەكەین ئەگەر بڵێین ململانێ لەسەر نازناوی خولی ئینگلتەرا دەكەین.
هەروەها ڤینگەر گوتی : ئێمە لە دووری 12 خاڵین لە هەردوو یانەی مان یونایتد ومان سیتی، بۆیە دەبێ راستگۆیانە قسە بكەین ئێمە دوورین لە خولی ئینگلتەرا، پێویستە خۆمان ماندوو بكەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ رێڕەوی سەركەوتنەكان،ئێمە متمانەمان بە لە دەستداوە، ئەگەر بتوانین پارێزگاری لە پێشەنگی خۆمان بكەین لە كاتی یارییەكاندا ئەوە دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی خۆمان.
لەلایەكی دیكەوە یاریزانی یانەی ئەرسنال باكاری سانیا تووشی پێكانێكی سەخت هات و نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریگاكان دوور دەكەوێتەوە، بەم دووركەوتنەوەیە كێشەكانی راهێنەر ڤینگەر زیاتر دەبێت.
Top