بە سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتی ناوەندی پایسكلسواری كوردستان لە شاری دهۆك كێبڕكێكانی قۆناغی دووەمی پاڵەوانییەتی پایسكلسواری یانەكانی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەبەشداری یانەكانی ( هەولێر، كۆیە، سۆلاڤ، پێشكەوتن، برایەتی، نەورۆز، حەویجە، قەڵای توركمان، ئامێدی، دوكان، لەیلان، كەركووك، سەورە، بابەگوڕگوڕ )وەكو بەرنامەی ساڵانەی یەكێتییەكە لەم بارەشەوە تاهیر عەزیز سەرۆكی یەكێتی ناوەندی پایسكلسواری كوردستان بە فایلی وەرزشی گوڵانی رایگەیاند» رۆژی 13ی ئەم مانگە تشرینی یەكەم كێبڕكێكانی قۆناغی دووەمی پاڵەوانییەتی پایسكلسواری یانەكانی كوردستان بە بەشداریی 14 یانە لە شاری دهۆك دەست پێ دەكات و 3 رۆژ بەردەوام دەبێت».
كێبڕكێكان لەسەر شێوازی نێودەوڵەتی دەڕوات بۆ ئاستی پێشكەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتووانی كوڕان و كچان، هەروەها هەر یاریزانێك پارێزەری سەری پێ بێت بۆ سەلامەتی گیانی ئێمەش تەواوی پێداویستی و ئامادەكاریمان كردووە بۆ ئەوەی كێبڕكێكان سەركەوتوو بێت».
كێبڕكێكانی قۆناغی دووەمی پاڵەوانییەتی پایسكلسواری كوردستان بریتین ( پێشكەوتووان 50 كم تیپ دژی كاتژمێر، لاوان 40 كم تیپ دژی كاتژمێر، تازەپێگەیشتووان 30 كم تیپ دژی كاتژمێر، كچان 30 كم تیپ دژی كاتژمێر ).