لە شاری دهۆك بەسەر پەرشتی یەكێـتی ناوەندی بالەی كوردستان و بەهاوكاری لقی دهۆكی یەكێتییەكە لە هۆڵی چاڵاكی وەرزشی و دیدەوانی دهۆك بەبەشداری هەریەك لە یانەكانی (برایەتی، ئەكاد، رانیە، كۆیە، پێشمەرگەی سلێمانی، سیروانی شارەزوور، تەق تەق، گارە، سەنحاریب، حاجیاوا) پاڵەوانێـتی تۆپی بالەی كچانی یانەكانی كوردستان بەڕێوە چوو، تیپەكانیش دابەشكرابوون بەسەر دوو كۆمەڵە، لە هەر كۆمەڵەیەك پێنج یانە بەشدار بوون و چوار یانە سەركەوتن بۆقۆناغی پێش كۆتایی، برایەتی وئەكاد لە كۆمەڵەی یەكەم و سەنحاریب و گارە لە كۆمەلەی دووەم. دوایی ئەوەی یانەی سەنحاریب لە پێش كۆتایی پاشەكشەی لە خولەكە كرد یانەی ئەكاد ڕاستەوخۆ سەركەوت بۆیاری كۆتایی و یانەی برایەتیش لە یانەی گارەی بردەوە گەیشتە یاری كۆتایی خولەكە، لە یاری كۆتایشدا كچە یاریزانانی یانەی ئەكاد توانیان بەهەمان سیناریۆیەكانی ساڵانی پێشوو ئاستێكی بەرزی پێشكەش بكەن ویارییەكەش بە ئەنجامی(3-0)گێم یارییەكەی ببەنەوە، بووە پاڵەوانی خولەكە بۆ دووەم وەرز لەسەر یەك یانەی برایەتیش پلەی دووەمی بەركەوت، لە دیاری كردنی پلەكانی سێیەم و چوارەم تیپی سەنحاریب ئامادەی یارییەكە نەبوو گارە بەبراوە هەژمار كرا بە ئەنجامی(3-0) و پلەی سێیەمی بەركەوت. دوای كۆتایی هاتنی خولەكەش هەریەك لە یانەكانی رانیە و سیروانی شارەزوور دابەزین بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، شایەنی باسە یەكێتی ناوەندی بالەی كوردستان وەكو بەرنامەی ساڵانەی خۆی ساڵانە پاڵەوانێتی تۆپی بالەی یانەكانی كوردستان ئەنجام دەدات، لە پاڵەوانیتییەكەش یاریزانانی بەشداربوو ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد.