وێڕای بردنەوە لە كۆستاریكا، هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە

وێڕای بردنەوە لە كۆستاریكا، هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی رەخنەی زۆر دەبێتەوە
وێڕای سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی كۆستاریكادا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە یارییەكی دۆستانەی نێودەوڵەتیدا كە دوێنێ شەمە ئەنجام درا، هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی ئاستی خراپی لەو یارییەدا.
بەرازیل بردنەوەیەكی بێ ئاستی بەسەر كۆستاریكادا بە گۆڵێكی بێبەرامبەر بەدەست هێنا و یارییەكە بەشێكە لە ئامادەسازییەكانی هەڵبژاردەی سامپا بۆ مۆندیالی 2014 كە خۆی رێكی دەخات.
بردنەوەكە میدیاكانی بەرازیلی لە رەخنەگرتنی توند لە ئاستی هەڵبژاردەكەیان نەپاراست.
ماڵپەری گڵۆبۆ سپۆرت گوتی وێڕای بردنەوە، ئاستی هەڵبژاردەكە لە یارییەكەدا یەك لە خراپترین ئاستی بوو لەو كاتەوەی مانۆ مینیزێس بووەتە راهێنەری.
رۆژنامەی فولیا دی ساوپاولۆی بەرازیلی گوتی ئاستی تیپەكە لەرزۆك و بێ داهێنان بوو و بچووكترین ئەنجامی تۆمار كرد.
هەروەها دەڵێ ئەو گۆڵەی نیمار لە خولەكی 60 دا تۆماری كرد لە یەكێك لەو هێرشە زۆر كەمانەوە هات كە هەڵبژاردەكە لە یارییەكەدا دروستی كرد.
رۆژنامەی لانسی وەرزشی دەڵێ هەڵبژاردەی بەرازیل زۆر بێ درەوشانەوە بوو، ئەمە كێشەیە چونكە خۆی بۆ مۆندیالی 2014 ئامادە دەكات و مۆندیالەكە لەسەر خاكی خۆیەتی و هەلی گەورەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی شەشەم نازناوی مۆندیال.
هەروەها دەڵێ گۆڵەكەی نیمار هەڵبژاردەكەی لە ئابڕووچوونی یەكسان بوون لەگەڵ هەڵبژاردەیەك رزگار كرد كە بەپێی دوا پۆلێنی فیفا پلەی 57ی هەیە لە نێو هەڵبژاردەكانی جیهاندا.
Top