كێ لە پشت بڕیارەكەی فیفایە بۆ گواستنەوەی یارییەكــــانی هەڵبژاردەی عێراق لە كوردستان؟
لە بڕیارێكی كتوپڕدا یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا بڕیاریدا یارییەكانی هەڵبژاردەكانی عێراق لە شاری هەولێری پایتەختی كوردستان بۆ وڵاتەكانی تر بگوازێتەوە بە بیانووی خراپی باروودۆخی ئەمنی لە عێراق، بە تایبەتی لە كوردستان و هەروەها خراپی رێكحستنی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری، بۆیە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا داوای لە هەردوو یانەی هەولێر و دهۆك كرد، نووسراوێكی دڵنیاكردنەوە بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ئامادە بكەن بۆ ئەوەی یارییەكانیان لە یاریگەی خۆیان بەڕێوە بچێت، دوای ناردنی نووسراوی دڵنیاكردنەوە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بڕیاری دا سەرپەرشتیاری ئەمنی بۆ كوردستان بنێرێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە راپۆرت دەربارەی شاری هەولێر و دهۆك ئامادە بكات و ئەم سەرپەرشتیارە بە رەگەز مالیزیە.
دوای ئەوەی ئەمانە هەمووی لێدوانی راهێنەر و سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوانان و ئەمنی بوون دەربارەی باردودۆخی ئەمنی كوردستان، بەڵام پرسیارەكە ئەمەیە كێ دەستی لە بڕیارەكەی فیفادا هەیە، وەڵامی ئەم پرسیارە بە سێ بیروبۆچوون دەدرێتەوە.
1- بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كە هەندێك لە ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بە پاڵەپەستۆی سیاسییەكانی عێراق نووسراوێكیان بە نهێنی ئاڕاستەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كردووە و باس لەوە دەكەن، كە گوایە كوردستان لە رووی ئەمنی خراپە و دەبێت یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لەم شارە بگوازرێتەوە.
هۆكاری ئەم كارەش، چونكە شاندێكی یەكجار زۆری وڵاتان بەهۆی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی هەولێر و دهۆك سەردانی كوردستان دەكەن و بە چاوی خۆیان پێشكەوتنی كوردستان دەبینن و هەروەها لە رووی ئابوورییەوە كوردستان لەم رووەوە سوودمەند دەبێت، چونكە بەهۆی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق چەندین گەشتیار لە گشت پارێزگاكانی عێراق سەردانی كوردستان دەكەن.
2- هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن، كە ئەم بڕیارە بە رێكەوتنی نێوان سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتییە لەگەڵ سەرۆكی كاتی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا، كە بە رەگەز چینیە، ئەگەر پلاتر ئەم بڕیارە بدات ئەوە سەرۆكی كاتی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا دووبارە كار بۆ ئەوە دەكات، كە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پاڵپشتی پلاتر بن لە داهاتوو و كێشوەری ئاسیا یەكێكە لە كیشوەرە هەرە گەورەكانی جیهان.
ئەم رێكەوتنە دوای ئەوە هاتووە، كە هەڵبژاردەی چین بەفەرمی بڕیاری دا یاری لە كوردستان ناكات و بەهۆی خراپی باروودۆخی ئەمنی دواتر كەسایەتییە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لە سەرۆكی كاتی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كردووە بۆ بەكار هێنانی پەیوەندییەكانی بۆ بەرژەوەندی وڵاتەكەی، بەڵام ئەوەی جێگەی سەیرە، ئەگەر هەڵبژاردەی چین ئامادە نەبێت بێتە كوردستان بە هۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی، ئەدی بۆچی حكومەتی چینی رێگە دەدات كۆمپانیاكان و كرێكارانی چینی لە كوردستان كار بكەن؟
3- بە پێی هەندێك لە بیروبۆچوونەكان باس لەوە دەكەن،كە راهێنەر زیكۆ دەستی لە پشت ئەم بڕیارە هەبێت بەهۆی ئەم پەیوەندییە بەهێزە لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و بەكارهێنابی بۆ نەهێشتنی بەڕێوەچوونی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە كوردستان، ئەمەش لەسەر داوای چەند یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق، بەهۆی ئەم رووداوانەی، كە بە دواییە لە نێوان هاندەران ڕوویدا لە كوردستان بە تایبەتی لە یارییەكی هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، چونكە لەم یارییە جەماوەر هانی هەڵبژاردەی ئوردنیان دا ئەمەش بووە جێگەی نیگەرانی هەموو لایەك و هەروەها زێكو ئەم كارەی بۆ بەرژەوەندی خۆشی ئەنجامداوە، چونكە زیكۆ ئێستا جگە لە كارەكەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق سێ كاری تر لە بەرازیل ئەنجام دەدات ئەویش پێشكەشكاری بەرنامەیەكی هەفتانەیە و شیكەرەوەی یارییەكانی خولی بەرازیلە و ئەكادیمیای پێگەیاندنی یاریزانانە لە بەرازیل، بۆیە ئەو كاتی لەبەر دەست نییە، كە هەردەم لە كوردستان بێت و سەیری یارییەكانی هەولێر و دهۆك و خولی عێراق بكات، بەڵام ئەگەر یارییەكان لە دەرەوەی كوردستان بێت ئەوە پابەند نییە، كە لە یارییەكان ئامادە بێت، ئەمەش كاتێكی باشی بۆ دەگەڕێتەوە.
ئایا یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق دەگەڕێتەوە كوردستان
بە پێی سیستەمی ناوخۆیی لێژنەی رێكخستنی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2014، هەر بڕیارێك لەم لێژنەیە بدرێت ئەوە كۆتایی و گەڕانەوەی نییە، بۆیە زەحمەتە یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی دووبارە لە كوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام ڕەنگە یارییەكانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق دووبارە لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت ئەمەش دوای ناردنی نووسراوێكی فەرمی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بۆ یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، هەرچەندە یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە كۆبوونەوەی خورئاوای ئاسیا بەڵێنیان لە جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئەمیر عەلی بن حوسێن وەرگرتووە بە مەبەستی گەڕانەوەی یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ كوردستان.
سەرپەرشتیاری ئەمنی:
دوای چەند مانگێك خۆم و خێزانەكەم بۆ گەشتیاری سەردانی كوردستان دەكەم
دوای ئەوەی سەرپەرشتیاری ئەمنی كە بە رەگەز مالیزیە سەردانی كوردستانی كرد بە تایبەتی هەردوو شاری هەولێر و دهۆك، رەزامەندی لەسەر باری ئەمنی كوردستان دا و تەئكیدی لەوە كردەوە، كە هیچ كێشەیك لە كوردستان نییە ببێتە رێگر لە ئەنجامدانی یارییە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها سەرسامی خۆی بۆ پێشكەوتنی كوردستان نیشان دا و تەئكیدی لەوە كردەوە، كە لە ماوەیەكی داهاتوو خۆی و خێزانەكەی دێنە كوردستان بۆ گەشتیاری، لە راپۆرتی خۆی بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ستایشی باردۆخی كوردستانی كرد و داوای لە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كرد نووسراوێكی سوپاسنامە ئاڕاستەی یانەی هەولێر بكەن بۆ ئەو رۆڵەی كە بینیان لە سەركەوتنی یارییەكە.
جاكسۆنی بەرازیلی :
ئەوەی لە كوردستان بینیم زۆر جیاوازە لەوەی كە گوێبیستی دەبم
جاكسۆن راهێنەری یانەی پرسیبۆرا جایابۆرای، كە بە ڕەگەز بەرازیلیە تەئكیدی لەوە كردووە، كە پێش هاتنی بۆ كوردستان هەموو بە ناتەواو وەسفیان دەكرد و گوێبیستی هەواڵی دوور لە ڕاستی دەبووین لە كەناڵە تەلەڤزیۆنیەكان بە تایبەتی دوای بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا، بەڵام لەگەڵ هاتنم بۆ كوردستان زۆر سەرسام بووم، چونكە ئەوەی بینیم زۆر دوورە لەوەی، كە باس دەكرێت و گوتی: بەڕاستی كوردستان زۆر خۆش و پێشكەوتووە و یاریزانەكانمان لەگەڵ هاتنیان تا ئێستا تەنیا وێنە دەگرن و هەست بە خۆشییەكی زۆر دەكەن و یانەی هەولێر خاوەن یاریگایەكی زۆر باشە و هیوادارام لە دوا رۆژ بتوانم دووبارە سەردانی كوردستان بكەم، چونكە بەراستی شاری هەولێر شارێكی دڵگیرە.
سەرپەرشتیاری یارییەكە ئیماراتی:
پلەی نایابم بۆ رێكخستنی یارییەكە ناردووە
سەرپەرشتیاری یارییەكە یەعقوب، كە ئیماراتییە لە راپۆرتەكەیدا، كە بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ئامادەی كردووە باسی ئەوەی كردووە، یانەی هەولێر لە رووی رێكخستن زۆر سەركەوتوو بووە و ئەم یارییە یەكێك لە یارییە هەر باشەكانی ئەم پاڵەوانێتییە لە رووی رێكخستنەوە و پلەی نایابی داناوە و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئامادەبوونی لە كوردستان نیشان دا و گوتی: بەراستی كوردستان زۆر پێشكەوتووە بە تایبەتی شاری هەولێر، كە شارێكی زۆر پێشكەوتووە و چاوەڕوان دەكرێت زیاتریش پێشبكەوێت و هیوادارم جارێكی تر سەردانی كوردستان بكەمەوە.
سەرپەرشتیاری بەنگلادشی:
دەبێت یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا سوپاسی یانەی هەولێر بكات
«ئیسلام» سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان كە بە ڕەگەز بەنگلادشیە لە راپۆرتی خۆی دوای تەواوبوونی یارییەكە داوای لە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كرد، كە دەبێت نووسراوێكی سوپاسنامە ئاڕاستەی یانەی هەولێر بكات، چونكە یارییەكە لەڕووی ئەمن و رێكخستن زۆر سەركەوتوو بوو و هیچ كێشەیەك رووی نەدا و هەروەها پلەی نایابی بۆ یارییەكە دانا لە رووی رێكخستنەوە.