راهێنەری میلان لە دۆخێكی خراپدایە و هاندەران داوای رۆیشتنی دەكەن

راهێنەری میلان لە دۆخێكی خراپدایە و هاندەران داوای رۆیشتنی دەكەن
دوای سەرەتای خراپی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا و دۆڕانی یەكەم تاقیكردنەوەی قورسی بەرامبەر یانەی یۆڤنتۆس لە خولی ئیتاڵیدا، ماكسیملیانۆ ئەلێگری راهێنەری یانەی میلان لە دۆخێكی خراپدا دەژی.
دوای دۆڕانی میلان بە یۆڤنتۆس بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، جەماوەری یانەی میلان لەبەردەم بارەگای یانەكەدا كۆبوونەوە و داوای رۆیشتنی ئەلێگری راهێنەریان كرد و لە بەرامبەردا ئەو جەماوەرە چەند دروشمێكیان بەرز كردەوە كە داواكارە بۆ گەڕانەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری پێشووی یانەكە كە ژمارەیەك دەستكەوتی گەورەی بۆ میلان لە سەردەمی راهێنەرایەتی ئەو یانەیەدا بەدەست هێنا.
كێشەكانی ئەلێگری هەر هێندە نییە و دوای ئەوەی رۆژنامەكانی ئیتاڵیا هێرشێكی گەورەیان كردە سەری و رەخنەی توندیان لێگرت، لە چاوپێكەوتنێ رۆژنامەنووسیدا ئەلێگری بە رووی رۆژنامەنووسێكدا هەڵشاخا و گوتی تۆ هەردەم لێدوانەكانی من بە شێوەیەكی تر دەگوازیتەوە.
رۆژنامەكان گوتیان دەنگەدەنگی ئەلێگری لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە، ئاماژەیە بۆ دۆخی خراپی دەروونیی ئەو راهێنەرە.
Top