یاریزانی دێرینی شاری هەولێر( شێرزاد خەلیل):بەهیوای ئەوەم حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكمان لێبداتەوە
شێرزاد خەلیل ناسراوە بە شیرۆ خەلیل یەكێك لە گۆڵچییە هەرە باشەكانی شاری هەولێر و لەسەر ئاستی عێراق نموونەی بێ وێنە بوو، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1952ی قەڵای هەولێرە و ماوەیەكی زۆر خزمەتی شاری هەولێری كردووە،بەهۆی نەخۆشی لە جێگاكەوتووە و پێویستی بە چارەسەر كردنە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ ئەنجامدا .
* كاتی خۆی وەرزش چۆن بوو ؟
- ئێمە كاتی خۆی بە پارەی خۆمان وەرزشمان دەكرد، جل وبەرگ ولاپچینمان دەكڕی، كەچی ئێستا هەموو شتێك هەیە ئینجا تیپەكەشیان چ نییە، حەزدەكەم تیپێكی كوردیمان هەبێت نوێنەرایەتی شاری هەولێر بكەن، ئێستا لە یانەی هەولێر دە یاریزان یاری دەكەن، هیچیان كورد نینە .
* كاتێك كە یاریزان بوون هیچ یاریزانی عەرەب لە یانەكەتان یاری دەكرد؟
- نەخێر هەموو یاریزانەكان كورد بوون هیچ یاریزانی عەرەب یاری بۆ نەدەكردین.
*وەرزش لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆ چۆن دەبینی جیاوازی چییە ؟
- ئێستا هەموو شتێك هەیە، هیچشیان نییە، یاریزانی عەرەب بە پارە دەهێنین یارییان بۆ بكات بە 100ملیۆن و زیاتر، ئێمە بە جەرگ یارییمان دەكرد هیچیشمان نەبوو كاتی خۆی.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی وەرزش پێشبكەوێت ؟
- دوو تا سێ ڕاهێنەری باش بهێنین راهێنەرایەتی تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووان بكەن، لە ساڵی 1991 تا ئێستا ئەوە بیست ساڵە ئەگەر تیپێكت هەبووایە و پێویستت بە یاریزانی دەرەوە نەدەبوو، دەمانتوانی تیپێكی وا دروست بكەین لە هەڵبژاردەی عێراقیش بباتەوە، داواكارم گرنگیی زیاتر بە یاریزانی كورد بدەن نەوەك یاریزانی دەرەوە، چونكە كاتی خۆی دوو گۆڵچی باشمان هەبوو، كەچی ئێستا گۆڵچی عەرەب دەهێنن.
* ژیان چۆن بەسەر دەبەیت ؟
- ژیانێكی ئاسایی و دووبارەیە، بەیانی زوو دێمە لای خالید حەلاق و نیوەڕۆیان دەچمەوە، ئێواران دێمەوە هەمان شوێن و دواتریش دەچمەوە ئەوە بەرنامەی منە.
* سەردانی یاریگاكان دەكەی ؟
-ناتوانم بچم، چونكە نەخۆشم، چیان بۆ من كردووە تاكو بچم سەیری یارییەكانیان بكەم.
* كێ هاوكاری كردووی؟
- كاك جەودەت و قایمقامی هەولێر نیهاد لەتیف قۆجە زۆر یارمەتیان داوام، سەردانی لێژنەیەكم كردووە لە نووسینگەی تەندروستی كاك نێچیرڤان بارزانی، بەڵام تا ئێستا ناوم نەهاتۆتەوە.
* بۆ چەند یانە یاریت كردووە؟
- بۆ هەریەك لە یانەكانی هەولێر و بروسك وشوڕتە وهەڵبژاردەی هەولێر یارییم كردوە، جگە لە تۆپی پێ لە یاری باسكەش یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێر بوومە.
* داواكاریت چییە؟
- پارەم ناوێ تەنیا ئەو نەشتەرگەریەم بۆ بكەن، بۆ ئەوەی لەم نەخۆشیە رزگارم بێت و ژیانێكی خۆش بەسەر ببەم، ئەوەندەی تەمەنم ماوە.
* مووچەی وەرزشوانە دێرینەكانت بڕاوە؟
- بەڵێ ماوەی 3ساڵە، گوتیان تۆ مووچەی خانەنشینت هەیە، بەهیوای ئەوەم دووبارە بگەڕێتەوە.
*پێویستیت بە نەشتەرگەری گەورە هەیە؟
- بەڵێ پێویستم بە سێ نەشتەرگەری گەورە هەیە و پارەیەكی زۆری پێویستە و هەردوو نێكم و سێ بڕبڕەی پشتم پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە بەهیوای ئەوەم ئاوڕێكم لێبدنەوە.
* تا ئێستا كەس ئاوڕی لێ نەدایتەوە بۆ هاوكاری كردنت؟
- تا ئێستا كەس بەمنی نەگوتووە ناویشت چییە، حیساب بكە لە شەقامەكان كەوتوومە، هەست دەكەم منیان پشتگوی خستووە هەر كەس لێشم ناپرسێتەوە، دوو مانگ لە لێژنەی ئۆڵۆمپی دەوامم كرد دوایی لەوێش بەڕێ كرام مووچەكەیان بڕیم.
* چی دەربارەی مەمۆی رەحمەتی و نەجات عەبدولواحید دەڵێت؟
- مەمۆ برا گەورەم بوو و ڕاهێنەریشم بوو، نەجات عەبدولواحید 50 ساڵە برادەرمە و بەیەكەوە یاریزان بووینە.
* بۆچی یاریكردنت لە هەڵبژاردەی عێراق ڕەتكردەوە؟
- لەبەر خۆشەویستی هەولێر هەڵبژاردەی عێراقم ڕەتكردەوە، لە یانەی شوڕتەی بەغداش داواكرام هەر لەبەر خۆشەویستی هەولێر نەچوومە، كەچی ئێستاش كەس لێم ناپرسێتەوە.
*هیوا و ئاواتت چییە ؟
- دەمەوێ وەرزشی كوردستان پێشبكەوێ كوردەكان یاری بكەن، نەوەك بچمە یاریگا 11 یاریزان یاری بكات كەسیش نەناسم، حەزم دەكرد ئێستا لەش ساغ بامایە ومەشقم بە گۆڵچییە كوردەكان كردبایە.
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی ؟
- بەهیوای ئەوەم حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێكمان لێبدەنەوە، سەدانی وەكو منیش هەنە ئێستا لە كۆڵانەكان كەوتوونە، سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، كە لەم بارە خراپەی خۆمدا منتان بەسەركردەوە.