تۆرێس: مانگەكانی سەرەتام لە چێڵسی زۆر قورس بوون
ئەو یاریزانە لە لێدوانی بۆ ماڵپەری یانەی چێڵسی گوتی كاتێك تۆ لە مانگەكانی یەكەمتدا لەگەڵ هەریانەیەك گۆڵ دەكەیت و ئاستت بەرزە، بێگومان هاندەران خۆشیان دەوێیت و هانت دەدەن، بەڵام سەرەتای من لە یانەی چێڵسی زۆر پێچەوانەبوو، بۆیە زۆر قورس كەوتەوە.
ئەو هێرشبەرە ئیسپانییە زیاتر گوتی هەرچەندە من هەمیشە هەستم بەوە كردووە كە هاندەرانی یانەكە پشتگیریم دەكەن، بەڵام زۆر باشتر دەبوو ئەگەر لەسەرەتاوە بۆ رازیكردنی ئەوان گۆڵ تۆمار بكەم و بتوانم بدرەوشێمەوە.
لەبارەی دەركردنی لە یاری هەفتەی پێشووی یانەكەی بەرامبەر یانەی سوانزی ستی كە 4-1 لە بەرژەوەندی بلووز كۆتایی هات و تۆرێس بەرلەوەی بكرێتە دەرەوە گۆڵی یەكەمی یانەكەی تۆمار كرد، ئەو هێرشبەرە گوتی ئەوە یەكەمینجارە لە ژیانمدا بە كارتی سوور بكرێمە دەرەوە، هیوادارم ئەوە دواجار بێت، لەبەرئەوەی هەستم بە دڵتەنگی و بێزارییەكی زۆر كرد كاتێك تیپەكەم لە ناو یاریگادا بە 10 یاریزانەوە جێهێشت.
لەو یارییەدا تۆرێس سێیەم گۆڵی خۆی لەگەڵ بلووزدا تۆمار كرد لەو كاتەوەی لە كانوونی دووەمی رابردووەوە بە بڕی 50 ملیۆن پاوەند لە یانەی لیڤەرپوولەوە هاتە یانەی چێڵسی.