فێرگسۆن: تەلەڤزیۆن شەیتانێكە و هەموومان هەڵدەسوڕێنێت
لە چاوپێكەوتنی بی بی سی دا، فێرگسۆن گوتی ئەوانەی مافی گواستنەوەی یارییەكانیان هەیە، كۆنترۆڵی خولەكەیان بەدەستەوەیە نەك یانەكان.
زیاتر گوتی كاتێك دەست دەخەیتە دەستی شەیتانەوە دەبێ باجەكەی بدەیت، تەلەڤزیۆن ئێستا جێگایەكی گەورەی هەیە و ئەو شایە. ئەمە شتێكی روونە و تۆ كاتێك سەیری بەرنامەی یارییەكانی خولی ئینگلیزی دەكەی دەبینی ئەوان ئەوە هەڵدەبژێرن كە دەیانەوێ و لەوانەیە بایەخ بە یاری هەندێك یانەی گەورە نەدەن.
راهێنەرە سكۆتلەندییەكە گوتی ئەوە شتێكی بێ مانایە كاتێك تۆ رۆژی چوارشەمە لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا یاری دەكەیت و لە كاتێكی زووی شەمەی دوای ئەودا دەبێ جارێكی تر یاری بكەیت، لە هەر راهێنەرێك بپرسی ئەوە بۆ وایە، پێت دەڵێ كە ئەویش لەوە رازی نییە، بەڵام هیچی لە دەست نایەت.
وەرزی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد بڕی 60 ملیۆن پاوەندی وەك مافی پەخشكردنی یارییەكانی وەرگرت كە دەكاتە زیاتر لە 93 ملیۆن دۆلار و ئەوەش بڕە پارەیەكی پێوانەییە یانەیەكی خولی ئینگلیزی وەری دەگرێت لەسەر گواستنەوەی یارییەكانی.
فێرگسۆن گوتی ئەو پارەیە زۆر نییە، چونكە یارییەكانی ئێمە بە 200 دەوڵەتی دنیا دەفرۆشرێن.