هەولێر لە بەردەم قۆناغێكی مێژووییدا

هەولێر لە بەردەم قۆناغێكی مێژووییدا
چوارگۆشەی زێڕینی جامی یەكێتی ئاسیا چاوەڕوانی نوێنەرانی كوردستانە
رێبین رەمزی

لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی هەشتەمی جامی یەكێتی ئاسیا، رۆژی سێشەممە یانەی هەولێر كاتژمێر 6ی ئێوارە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێرمیوانداری یانەی پرسیبۆرا جابۆرا-ی ئەندنووسی دەكات و رۆژی چوارشەممە لە هەمان قۆناغدا یانەی دهۆك میوانداری یانەی وەحدات-ی ئوردنی دەكات.
هەولێر لە بەردەم قۆناغێكی مێژوویەدایە
سێشەممە جەماوەری شاری هەولێر و كوردستان چاوەڕوانی دەستكەوتێكی مێژوویی لە یانەی هەولێر دەكەن، كاتێك میوانداری یانەی پرسیبۆرا جابۆرای ئەندنووسی دەكات لە یارییەكی بەهێزدا، هەرچەندە یانەی هەولێر لە یاری چوون توانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك بباتەوە، بەڵام ئەم ئەنجامە نابێتە هۆی سەركەوتنی یانەی هەولێر بۆ چوار گۆشەی زێڕین، چونكە یانەی پرسیبۆرا جابۆرا تیپێكی بەهێزە و خاوەنی چەندین یاریزانی پیشەگەرە و چەند یاریزانێكی لە ریزی هەڵبژاردەی ئەندنووسیا یاری دەكات و لە یاری چووندا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد، لەم یارییە چاوەڕوان دەكریت یانەی هەولێر بەهەمان پێكهاتە یاری بكات لە بەرانبەردا یانەی پرسیبۆرا جابۆرا پێویستی بە دوو گۆڵ هەیە بۆ سەركەوتن بۆ چوارگۆشەی زێرین، بۆیە لەم یارییە چاوەڕوان دەكرێت ئەم یانەیە بە شێوازی هێرشبردن یاری بكات بۆ تۆماركردنی گۆڵ.
هەولێر پێویستی بە هاندانی جەماوەرە
یانەی هەولێر رۆژی سێشەممە پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەر هەیە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی ژمارەی یەك لەم یارییە و چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری پڕ جەماوەر وەفاداری یانەی هەولێر بێتن، لە هەمان كاتدا دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر داوا لە گشت جەماوەری ئامادەبووی نێو یاریگا دەكات، كە رۆژی سێشەممە بكەنە كەرنەڤاڵێكی قەشەنگ و هەموو جەماوەر بە درێسی یانەی هەولێر لە نێو یاریگە ئامادە بن بۆ ئەوەی لە نێو یاریگە وێنەیەكی جوان دروست بێت.
دهۆك لە بەردەم ئەركێكی قورسدایە
رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی دهۆك، یانەی دهۆك میوانداری یانەی وەحداتی ئوردنی دەكات، لەم یارییە یانەی دهۆك لە بەردەم ئەركێكی قورسدایە، چونكە پێویستی بە تۆماركردنی چوار گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی بچێتە چوار گۆشەی زێڕین دوای ئەوەی لە یاری هاتن بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك دۆڕا، لەم یارییە یاریزانانی یانەی دهۆك پێویستیان بە پاڵپشتێكی بەهێزی جەماوەری دهۆك هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ورەیان لەم یارییە و چاوەڕوان دەكرێت هەر لە سەرەتاوە راهێنەر ئەكرەم ئەحمەد سەلمان بە پلانی هێرشبردن یاری بكات بۆ ئەوەی زۆرترین گۆڵ لەم یارییە تۆمار بكات، لە بەرانبەردا یانەی وەحدات هەوڵ دەدات لەم یارییە بەشێوازی بەرگری یاری بكات بۆ پارێزگاری كردن لەم ئەنجامە گەروەیە.
Top