لەهەولێر پرێس كۆنفرانسێك بۆ یەكێتی تایكواندۆی خۆرئاوای ئاسیا رێكخرا
بەمەبەستی روونكردنەوە و خستنەڕووی وردەكارییەكانی دووەمین پاڵەوانێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا بۆ لاوان (كچان و كوڕان)، لەهۆڵی هۆتێل هەولێر پلازا لەشاری هەولێر، پرێس كۆنفرانسێك بۆ محەمەد پۆلادگەر سەرۆكی یەكێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و د.مەحمود شوكور جێگری سەرۆكی یەكێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تایكواندۆی عیراق و كیاڕەش بەحری سكرتێری یەكێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و ئەحمەد خورشید سەرۆكی یەكێتی ناوەندی تایكواندۆی كوردستان رێكخرا.
سەرەتا سەرۆكی یەكێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا وتی: بەدڵنیایەوە دەڵێم ئێمە هیوای زیاتری بەشداربوونی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیامان هەبوو لەپاڵەوانێتییەكەی هەولێر، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر و لەدواساتەكاندا پەشیمانبوونەوە و دەڵێم كاتێك باس لە نائارامی دەكرا بەقسە جۆرێكە و بەبینینیش جۆرێكی ترە و ئێستاش ئێمە لەهەولێرین دڵنیای سەرجەم وڵاتانی بەشداربوو و ئەوانەی بەشداریشیان نەكرد دەكەینەوە و پێیان رادەگەیەنم كە ناوچەكە زۆر ئارامە، ئەم رووداوە زۆر گرنگە كە لەعیراق بەڕێوەدەچێت، پاشان من لێرەوە پیرۆزبایی لەهەردوو بەرێزان د.مەحمود شوكور و موخەلەد عەساف دەكەم كە لەكۆبوونەوەی (12) ئەندامی بەشداربوو، ئەم دوو بەڕێزە بوونە جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی یەكێتی تایكواندۆی خۆرئاوای ئاسیا كە بەڕاستی دەستكەوتێكی گەورەیە و ئێمە شارەزایێكی باشمان لەسەر شاری هەولێر هەیە بۆیەش بڕیاری ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییەماندا.
سەبارەت بەبەشداربوونی هەرێمی كوردستان-یش وەكو هەرێمێكی سەربەخۆ لەپاڵەوانێتییەكانی خۆرئاوای ئاسیا، وتی: بێگومان لەڕووی یاساییەوە ناكرێت، بەڵام وەكو راو بۆچونی خۆم خۆشحاڵ دەبووم!
دواتر د.مەحمود شوكور سەرۆكی یەكێتی تایكواندۆی عیراق وتی: ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەتكی لەمجۆرە خۆی لەخۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە، چونكە پێشووتر ئێمە داوامان لێكرا كە پاڵەوانێتتی تایكواندۆی لاوانی ئاسیا بەڕێوەببەین، بەڵام بەهۆی دابڕانێكی زۆرمان لەبۆنە نێودەوڵەتییەكانەوە بڕیارماندا قۆناغ بەقۆناغ هەنگاو بنێین و كارەكانمان بەرەو پێشببەین، نەك پەرشوبڵاوی و ئاڵۆزی تێبكەوێت، ئێمە ئامانجمان سەركەوتنی ئەم پاڵەوانێتییەیە تا بۆ ئایندە بتوانین میوانداری پاڵەوانێتتی گەورەتر بكەین، ئومێد دەكەم ئەو هەڵبژاردانەی لەدوایین ساتدا بەشدارنەبوون با بەچاوی خۆیان ببینن هەرێمی كوردستان ئارامە و لەئایندەش یەكێتی تایكواندۆی خۆرئاوای ئاسیا پێداچوونەوە و لێكۆڵینەوە دەكات سەبارەت بەهۆكاری پەشیمانبوونەوەی هەڵبژاردەكانی (بەحرێن وقەتەڕ) بەبیانوی نائارامی لەناوچەكە و وڵاتی (سوریا)ش بەبیانوی كێشەی دارایی.
لەكۆتایی پرێس كۆنفرانسەكەدا ئەحمەد خورشید سەۆكی یەكێتی ناوەندی تایكواندۆی كوردستان وتی: دوای ماندووبوونی هەشت مانگ لەسەفەركردن و كۆبوونەوە بەردەوامەكان و گفتوگۆ و كێشەو خاڵە تەریبەكان، ئەمڕۆ خۆشحاڵ و ماندووبوونمان حەسایەوە كەتوانیمان ئەو خەونە گەورە بكەین بەڕاستی كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لەم پاڵەوانێتییە دەكات، سوپاس و دەستخۆشی لەلیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی وەرزشی كوردستان دەكەم كە زۆر هاوكارمان بوون بۆ میوانداریكردنی ئەم پاڵەوانێتییە لەهەرێمی كوردستان و دواتریش بۆ شاری هەولێر.
بەچەند پرسیارێی نێردراوانی كەناڵەكانی راگەیاندن و وەڵامی سەرۆك و جێگر و سكرتێری یەكێتی تایكواندۆی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و سەۆكی یەكێتی ناوەندی تایكواندۆی كوردستان، پرێس كۆنفرانسەكە كۆتاییهات.