سیرینا بووە باڵیۆزی یونسێف

سیرینا بووە باڵیۆزی یونسێف
سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵیەتیی (یونسێف) ئاشكرای كرد سیرینا ویلیامزی یاریزانی تێنسی ئەمەریكی كردووە بە باڵیۆزی نیازپاكیی خۆی.
ئەنتۆنی لیكی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونسێف پێشوازی لە هاتنی سیرینا بۆ ریزی یونسێف كرد لە كۆبوونەوەیەكی رێكخراوەكە لە نیویۆرك.
لیك لە ماڵپەری رێكخراوەكە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت گوتی سیرینا تەنیا پاڵەوانێكی تێنس نییە، بەڵكە ئەو پاڵەوانی منداڵانە و پاڵپشتێكی گەورەیە بۆ ئەوەی هەموو منداڵانی جیهان هەلی خوێندنی یەكسانیان هەبێت.
هەروەها گوتی خۆسحاڵین سیرینا ببێتە نوێترین باڵیۆزی ئێمە و ویستمان هەیە بۆ كاركردنی باشتر لەگەڵیدا لە پێناو سوود گەیاندن بە منداڵانی جیهان.
لە بەرامبەردا سیرینا گوتی پێم وایە هەموو منداڵانی جیهان شایستەی پێدانی هەلی باشتركردنی ژیانیانن و من پابەندم بە یارمەتی دانی یونسێف لە پێناو دابینكردنی خوێندنی باش بۆ منداڵان بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین لە پێناو دروستكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خۆیان و ماڵبات و كۆمەڵگاكانیان.
Top