رۆژنامەی ئاس: پارەی قەتەر تۆرێس دەكاتە یاریزانی مەلەگە

رۆژنامەی ئاس: پارەی قەتەر تۆرێس دەكاتە یاریزانی مەلەگە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایان كرد كارگێڕیی یانەی مەلەگەی ئیسپانی كە سەرمایەدارێكی قەتەری سەرۆكایەتی دەكات، ویستی كڕینی فرناندۆ تۆرێسی هێرشبەری یانەی چێڵسی هەیە كە لەوەتەی لەو یانەیەیە ئاستی وەكە پێویست نییە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشكرای كردووە یانەی مەلەگە كە لە هاوینی ئەمساڵدا ژمارەیەك یاریزانی بەرچاوی بە پارەی باش كڕی، پلانی هەیە بۆ دانووستان لەگەڵ تۆرێس لە پێناو بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكە.
لە نێوەندە رۆژنامەوانییەكانی ئینگلتەرادا باسێكی زۆر لەسەر ئەوە هەیە كە رۆمان ئەبرامۆڤیجی خاوەنی یانەی چێڵسی ئینگلیزی بیری زۆر لە فرۆشتنی تۆرێس دەكاتەوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا، ئەمەش لەبەرئەوەی تۆرێس كە زستانی رابردوو بە 60 ملیۆن یۆرۆ لە لیڤەرپوولەوە هاتە چێڵسی، لەگەڵ ئەو یانە لەندەنییەدا ئاستێكی خراپ پێشكەش دەكات و تا ئێستا لە ماوەی 9 مانگدا، تەنیا 2 گۆڵی تۆمار كردووە.
رۆژنامەكە هەروەها ئاشكرای كردووە كە مەلەگە تاكە یانە نییە كە دەیەوێ تۆرێس بهێنێتەوە بۆ خولی ئیسپانیا و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش كە پێشتر ئەو یاریزانە یاری بۆ كردووە، هەمان ویستی هەیە و دەیەوێ لەگەڵ رادۆمیل فالكاوی هێرشبەری یانەكە هێڵێكی هێرشبەری ئاگرین دروست بكات.
Top