لەوانەیە یاریزانانی تێنسیش مان بگرن
مۆرای گوتی یاریزانانی تێنس لە مانگرتن ناترسن ئەگەر بەرپرسان گوێ لە داواكانیان نەگرن بۆ چاككردنی خشتەی یارییەكانی تێنس بە زووترین كات.
كێشەی یاریزانانی تێنس قەرەباڵغی و زۆریی وادەی یارییەكان و پاڵەوانیەتییەكانە بە دوای یەكدا.
لە چەند ساڵی رابردوودا یاریزانانی وەك رافایل نادال كە پێشتر 10 نازناوی پاڵەوانیەتییە گەورەكانی گراند سلامی بەدەست هێناوە، ناچاربوونی بە درێژایی ساڵ یاری لە دوای یاری ئەنجام بدەن و ئەم حاڵەتە بەسەر هەموو یاریزانەكانی پێشەوەی ریزبەندی جیهانیی تێنسدا دێت، لەبەرئەوەی ئەوان ناچارن بەشداری 4 پاڵەوانیەتیی گراند سلام و 9 پاڵەوانیەتیی پێشەنگان و پاڵەوانیەتیی كۆتایی ساڵ و چەند پاڵەوانیەتییەكی تریشدا بكەن.
لە پاڵەوانیەتیی ئەمەریكای كراوەی ئەمساڵدا چەند یاریزانێك لەوانەش نادال و مۆرای ناچاربوون 3 رۆژی لەسەر یەك یاری بكەن بۆ ئەوەی بگەنە یاری كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە.
مۆرای لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەگەری مانگرتنی یاریزانانی تێنس گوتی من دڵنیام لەوەی یاریزانەكان لەو كارە ناترسن.
هەروەها گوتی هەندێك گۆڕانكاریمان دەوێت، گۆڕانكاریی بچووك وەك چەند هەفتەیەك لە ساڵدا بۆ پشوو و كەمكردنەوەی هەندێك پاڵەوانیەتیی.