پێكهاتەی هەڵبژاردەی تایكواندۆی عێراق بۆ پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا دیاری كرا
جێگری سەرۆكی یەكەتی ناوەندی تایكواندۆی عێراق رایگەیاند پێكهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی تایكواندۆی عێراق بۆ پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا كە بڕیارە لە شاری بەڕێوەبچێت راگەیاندرا.
حوسێن عەبدوڕەحمان جێگری سەرۆك لە یەكەتی ناوەندی تایكواندۆی عێراق رایگەیاند" یەكەتیەكەمان 10 یاریزانی بۆ پێكهاتەی كۆتایی هەڵبژاردەی عێراق دەست نیشان كرد، بۆ پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا كە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت".
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو بۆ یەكەم جار لە مێژووی تایكواندۆی عێراق پاڵەوانیەتی تایكواندۆی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە سەر ئاستی كوڕان و كچان لە شاری هەولێر دەست پێ بكات.
عەبدوڕەحمان گوتی" تیپەكەمان ئاستێكی باشی هەیە لەبەرئەوەی 26 یاریزان لە كێبركێ بوون، بەڵام راهێنەری هەڵبژاردەكەمان بەپێی تاقیكردنەوە و ئەنجام 10 یاریزانانی ئاست بەرزی هەڵبژارد لە ناو ئەو یاریزانانەدا دووانیان كوردن، بۆیە گەشبینم كە بتوانن دەسكەوتێكی گەورە بەدەست بهێنن".
لە لایەن خۆیەوە محەمەد حوسێن زادە راهێنەری بەڕەگەز ئێرانی و سەرپەرشتیاریی راهێنانەكانی هەڵبژاردەی تایكواندۆی عێراق روونی كردەوە" ئەو یاریزانانەی هەڵم بژاردوون كێبركێكارن و ئامادەكاریی تیپەكەمان زۆرباشە، هەروەها كارێكی زۆرم كردووە كە ئاستی یاریزانان لە رووی توانای جەستەیی و تەكنیك و خێرایی هونەری لە یارییەكاندا بەرز بكەمەوە بۆیە متمانەیەكی زۆرم بە تیپەكەم هەیە بۆ بەدەست هێنانی چەند میدالیایەكی رۆژئاوای ئاسیا".
پێكهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی تایكواندۆی عێراق بۆ پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا بریتین ( ئەحمەد خەڵەف 45 كگم، مستەفا زامل 48 كگم، سەلام مەهدی 51 كگم، جەعفەر عەبدولموحسین 55 كگم، حوسێن سەعد 59 كگم، كاكۆ كاروان 63 كگم، حوسێن بورهان 68 كگم، كۆڕەو كاروان 73 كگم، كەڕار حازم 78 كگم، ئەحمەد عەبوود +78 كگم ).
یەكەتی ناوەندی تایكواندۆی تەواوی ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەوەی پاڵەوانیەتی تایكواندۆی وڵاتانی رۆژئاوا ئاسیا بەشێوەیەكی سەركەوتوو لە پایتەختی كوردستان بەڕێوەبچێت.