ئەمڕۆ خوانی تۆپی پێ چەورە
لە خولی ئەڵمانیادا كاتژمێر 4.30 خولەك بە كاتی كوردستان هەردوو یانەی بایرن میونشن و شالكە لە یارییەكی بەهێزدا بەیەك دەگەن و هەردوو یانە ركابەریی لەسەر وەرگرتنی پێشەنگ و نزیكبوونەوە لە یانەكانی پێشەوە ناچاریان دەكات ئاستێكی بەرز پێشان بدەن.
یارییەكە لە یاریگای فیلیتس ئەرینا ئەنجام دەدرێت و شالكە كە ئێستا لە پلەی هەشتەمی ریزبەندییەكەیە بە 9 خاڵ نایەوێ لە گەورەكانی تری خولەكە دابڕی و هەرچی بایرن میونشنە كە ئاستێكی بەرز لە یارییەكانی چەند هەفتەی رابردووی خۆیدا پێشان دەدات، 13 خاڵی هەیە و ئەگەر ئەمڕۆ بباتەوە، بە تەنیا پێشەنگی خولەكە دەگرێ.
لە ئینگلتەرا مانچستەر یونایتدی پێشەنگی خولەكە لە یاریگای خۆیدا لە كاتژمێر 6.00ی ئێوارەدا میوانداریی چێڵسی دەكات و ئەم یارییە تاقیكردنەوەی راستەقینەیە بۆ سێر فێرگسۆن و یاریزانەكانی كە تا ئێستا 12 خاڵیان لە چوار یاریدا بەدەست هێناوە و بوونەتە سەرباسی رۆژنامەكانی دنیا.
بۆ چێڵسی یارییەكەی ئەمڕۆ وێستگەیەكە لەسەر ئاستی راستەقینەی تیپەكە و تاقیكردنەوەی تواناكانی بواشی راهێنەرە كە پێی وایە بردنەوەی یارییەكە گوڕ و تینێكی تر بە یاریزانەكانی دەبەخشێت.
لە ئیسپانیا دوای بردنەوەی ڤالنسیا و بەرشەلۆنە دوێنێ شەو، ئەمشەو ریال مەدرید لە كاتژمێر 9.00ی شەودا دەچێتە یاریگای لیڤانتی و یارییەكە گەشتێكی پڕ مەترسییە بۆ ریال مەدرید، لەبەرئەوەی وەرزی رابردوو ریال نەیتوانی لەم یاریگایەدا سەركەوتن بەدەست بێنێت و بردنەوەی یارییەكە یانەی شاهانە دەباتەوە پێشەنگی خولەكە.
لە ئیتاڵیا میلانی هەڵگری نازناو رووبەڕووی یانەی ناپۆلی دەبێتەوە و میلان پشتی قایمە بە یەكسان بوونی بەنرخی بەرامبەر بەرشەلۆنە لە سێشەمەی رابردوودا، ئەم یارییە كاتژمێر 9.45 خولەك بە كاتی كوردستان ئەنجام دەدرێ.