سبەی نیمار چارەنووسی خۆی لە نێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدریدا یەكلا دەكاتەوە

سبەی نیمار چارەنووسی خۆی لە نێوان بەرشەلۆنە و ریال مەدریدا یەكلا دەكاتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی بەرازیل ئاشكرایان كردووە كە سبەی دووشەمە نیمار داسیلڤای هێرشبەری بەرازیلی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
نیمار لە لایەن هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدریدەوە بە توندی داواكراوە و تا ئێستا دیار نییە ئەو یاریزانە كام یانەیە هەڵدەبژێرێ، لە كاتێكدا هەندێك سەرچاوە مانەوەی نیمار لە یانەی سانتۆسی بەرازیلی بە دوور نازانن.
پێشتر هەردوو یانە هەوڵی كڕینی نیماریان داوە و سەرۆكی یانەی سانتۆس ئامادەنەبوو تا دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی یانەكان لە مانگی دوانزەی ئەمساڵدا ئەو یاریزانە بفرۆشێت.
پێشتر رۆژنامەی ستاداوی بەرازیلی ئاشكرای كردبوو كە یانەی بەرشەلۆنە زۆر نزیكبووەتەوە لە كڕینی نیمار و بەرپرسانی یانە ئیسپانییەكە هەموو وردەكارییەكی كڕینی ئەو یاریزانەیان یەكلاكردووەتەوە.
هەرچەندە پێشتر چەندین یانەی تر ئامادەیی خۆیان بۆ دانی بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ بە یانەی سانتۆس بۆ كڕینی ئەو یاریزانە دەربڕیبوو، بەڵام نیمار ئاشكرای كردبوو كە رووگەی داهاتووی تەنیا خولی ئیسپانی دەبێت.
Top