هەردوو یاریزان ئیكەر كاسیاس و زاڤی هێرناندیز ئەستێرەكانی هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشلۆنە كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بە مەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخی گرژی نێوان هەردوو یانە كە بەهۆی رووداوەكانی یارییەكانی كلاسیكۆ سەری هەڵدابوو، زاڤی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامەكانی ئەم كۆبونەوەی ئاشكرا كرد و دووپاتی كردەوە هیچ كێشەیەك لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانە نییە لەكاتی یاریكردن بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە بە وتووێژكردن كێشەكان چارەسەر دەكرێن. زاڤی لە هەمان كاتدا دڵتەنگی خۆی دەڕبڕی لە رووداوەكانی كلاسیكۆی رابردوو بەڵام لەگەڵ كاسیاس گەیشتونەتە رێككەوتن كە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بپارێزان بە مەبەستی بەردەوام بوون لە بەدەست هێنانی دەسكەوتەكان لە دوای بەدەست هێنانی جامی جیهانی 2010.
زاڤی گوتی: كلاسیكۆ كێشەی زۆری نایەوە، بەڵام ئێمە رێككەوتین كە تۆپی پێمان خۆش بوێت و كارەكان لە ژووری خۆگۆڕین بە هێمنی ئەنجام بدرێت، ئێمە بڕیارماندا كە پەیوەندی نێوانمان ئاسایی بێتەوە چونكە ئێمە بەرژەوندی تۆپی پێی ئیسپانیمان لاگرنگە.