بەمەبەستی بەهێز كردنی ریزی یانەكەی لە خولی بژاردە ی ئاسیا و جامی یانەكانی ئاسیا دەستەی ڕاهێنەرانی یانەی هەولێر قسەیان لەگەڵ بریكاری دوو یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی نێجیریا كرد بۆ ئەوەی یاری بۆیانەی هەولێر بكەن، یاریزانەكانیش لە جامی جیهانی لاوان لە چەند رۆژی رابردوو یارییان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان كرد، لەمبارەشەوە عومەر مەجید یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی هەولێر بۆفایلی وەرزشی گوڵان دوا و گوتی «ئێمە لە ماوەی ڕابردوو پێنج یاریزانی نێجیریمان تاقیكردەوە، بەڵام ئاستیان وەكو پێویست نەبوو كە مەبەستمان بوو گرێبەستیان لەگەڵ مۆربكەین، چونكە ئێمە پارە بە یاریزانان دەدەین دەمانەوێ یاریزانێك بهێنین سوود لە تواناكانیان وەربگرین، گوتیشی ئەیوب ئەدیشۆش رازی نەبوو لەسەر ئاستیان بۆیە بەرێی كردن، گوتیشی ئێستا سەرقاڵی ئەوەین دوو یاریزانە نێجیریەكە رازی بكەین ئەوانیش یارییان بۆهەڵبژاردەی لاوانی نێجیریا كردوە، ئەیوب ئەدیشۆی راهێنەریش ڕازی بووە لەسەر ئاستیان. چونكە یارییەكانی ئەوانی بینیوە لە جامی جیهانی لاواندا، لە هێڵەكانی هێرشبەر وبەرگری یاری دەكەن ئەوانیش بەشێوەیەكی سەرەتایی ڕەزامەندی خۆیان نیشانداوە یاری بۆیانەی هەولێر بكەن، گوتیشی مستەفا كەریممان نەویست چونكە ئەو نیازی وابوو بە مەرج یاری بۆیانەی هەولێر بكات، ئێمەش گوتمان بە مەرج یاریمان ناوێ ئەو گوتی هەركاتێك گریێبەستی دەرەوەم بۆ بێت یانەی هەولێر جێدەهێڵم ئێمەش گوتمان بۆیەك ساڵ دەبێت یاری بكەی.