مانچینی: بەڵێ مانچستەر ستی بەرشەلۆنەی ئینگلتەرایە
مانچینی پێشتر چەند جارێك ئەوەی رەتكردبووەوە و دەیگوت تیپەكەم شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و لە بەرشەلۆنە ناچێت.
دوێنی مان ستی سێیەم سەركەوتنی لەسەر یەكی لە خولی نایابی ئینگلیزی لە وەرزی ئەمساڵدا تۆمار كرد دوای ئەوەی توانی 3-0 لە یانەی ویگان بباتەوە.
مانچینی گوتی هەرچەندە ئێمە شێوازی تایبەت بە خۆمان لە یاریدا هەیە و نامانەوێ لاسایی كەس بكەینەوە، بەڵام ئاساییە ئەگەر پێمان بگوترێ بەرشەلۆنەی ئینگلتەرا، چونكە هێزێكی زۆرمان هەیە و هیچمان لە بەرشەلۆنە كەمتر نییە.
راهێنەرە ئیتاڵییەكە گوتی مان ستی یاریزانی گەورەی هەیە و ئەو یاریزانانە توانای زۆر لە نێو یاریگادا خەرج دەكەن و لە یاریكردن بە شێوازی جوان و داهێنان و بردنەوە بێزار نابن و ئەوەش نهێنی درەوشانەوەی ئێمەیە.
مانچینی پەسنی تواناكانی هەریەك لە داڤید سیلڤا و سەمیر نەسری و یایا تۆرێ و سێرجیۆ ئەگوێرۆی كرد و گوتی ئەوانە كۆڵەكەی تیپەكەن.