ئەسـتێرەكانی وەرزش هاندەرانی یانەكانی تۆپی پێ
1 – كۆبی براینت : ئەستێرەی بەناوبانگی باسكەی ئەمریكا و یاریزانی یانەی لۆس ئەنجلۆس لیكەرز، ئەم یاریزانە سەرسامی یانەی میلان و یانەی بەرشلۆنەیە، پێش ماوەیەك لە یارییەكی خێرخوازی بە درێسی یانەی بەرشلۆنە لەگەڵ راهێنەر گواردیۆلا یاریكرد.
2 – رافاییل نادال: ئەستێرەی تێنسی سەر زەوی ئیسپانی هاندەرێكی سەرشێتی یانەی ریال مەدریدە و ئەندامی شەرەفی یانەی شاهانەیە، مامی نادال میگێل نادال یاریزانی بەرشلۆنە بووە بەڵام نادال خۆی لەگەڵ ریالە و ئامادەی زۆربەی یارییەكان دەبێت لە یاریگای سانتیاگۆ بەرنابیۆ.
3 – لیبرۆن جێمس ئەستێرەی یانەی مەیامی هیت لە خولی باسكەی ئەمریكا، ئەم ئەستێرەیە پێش دوو هەفتە سەردانی یانەی بەرشەلۆنەی كرد و لە گەڵ راهێنەر و یاریزانانی بەرشلۆنە بەشداری مەشقەكانی كرد، ئەوەش بەڵگەیەكی زەقە كە لیبرۆن هاندەری یانەی بەرشەلۆنەیە.
4 – یۆساین بۆلت : یاریزانی گۆرەپان و مەیدانی جەمایكا، خێراترین پیاو لە جیهان و هەڵگری هەردوو ریكۆردی جیهانی لە راكردی 100 و 200 مەتردا، بۆلت زیاتر لەجارێك ئارەزووی خۆی نیشانداوە ببێتە یاریزانی تۆپی پێ، ئەم یاریزانە هاندەری یانەی مان یونایتدە و ریال مەدریدیشی خۆش دەوێت.
5 – مایكل شوماخەر: ئەفسانەی پێشبڕكێیەكانی ئۆتۆمبیل جۆری فۆرمولا یەك، شوماخەری ئەڵمانی شەیدای یاری تۆپی پێیە و چەندین جار بەشداری یارییە خێرخوازییەكانی كردووە و ئاستێكی باش پێشكەش دەكات، مایكل هاندەری یانەی كۆڵنی ئەڵمانیە و بۆ هێنانی یاریزان پۆدۆلسكی بڕی 875 هەزار یۆرۆی بەخشیە یانەی كۆلن.
6 - نۆڤاك جۆكۆڤیج : ئەستیرەی تێنسی سەر زەوی سڕبی و پۆلینكاری یەكەمی جیهان،جۆكۆ هاندەرێكی نزیكی یانە میلانە و زیاتر لە جارێك سەردانی یانەی میلانی كردووە و لە نزیكەوە چاوی بە یاریزانانی یانەی ناوبراو كەوتووە.
7 – فیرناندۆ ئەلۆنزۆ: پاڵەوانی فۆرمولا یەكی ئیسپانی، شۆفیری تیپی فیراری و دوو جار پاڵەوانی جامی جیهانی هاندەرێكی گەورەی یانەی ریال مەدریدە، لە سەرەتای ژیانی وەرزشی بەردەوام لە یاریگا ئامادە دەبوو، بەڵام ئێستا ناتوانێت بە هۆی سەرقاڵییەوە ئەوەش دڵگرانی كردووە.
8 – كارۆلین ڤۆزنیاكی : كچە یاریزانی تێنسی سەر زەوی دانیماركی و پۆلینكاری یەكەمی جیهان، ئەم خانمە شۆخ وشەنگە هاندەرێكی سەر سەختی یانەی لیڤەرپولە، چەندین جاریش بەدیار كەوتووە بەدرێسی یاریزان ستیڤن جیرارد مەشقەكانی خۆی ئەنجام دەدات.
9 – فیلیپی ماسا : شۆفێری بەرازیلی بەناوبانگ لە تیپی فیراری، لە دایك بووی شاری ساوپاولۆیە و هاندەری یانەی ساوپاولۆی بەرازیلیە، هەركاتێك دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ئامادەی یارییەكانی یانەی ناوبراو دەبێت.
10 – بۆریس بیكەر: یاریزانی پێشووی تێنسی سەر زەوی ئەڵمانی، هاندەری یانەی بایرەن میونیخە و لە زۆربەی یارییەكان ئامادە دەبێت، بیكەر لە لایەن سەرۆكی شانازی یانەی بایرەنەوە فانز بیكنباوەر بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی شانازی یانەكەی هەرێمی باڤارییەوە.