سەرۆكی سسڤیلیە شۆڕش دژی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید هەڵدەگیرسێنێت

سەرۆكی سسڤیلیە شۆڕش دژی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید هەڵدەگیرسێنێت
خۆسێ ماریا دیل نیدۆی سەرۆكی یانەی سڤیلیەی ئیسپانی هێرشی توندی كردە سەر هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید و داوای كۆبوونەوەی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیای كرد بۆ وەستانەوە دژ بە بەرشەلۆنە و ریال مەدرید.
دیل نیدۆ پێشتر ناڕەزایی خۆی لە پێدانی بەشی شێری داهاتی فرۆشتنی مافی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنیی یارییەكانی خولی ئیسپانی بە هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید دەربڕیبوو و داوای چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە دەكات.
داهاتی فرۆشتنی مافی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنیی یارییەكانی خولی ئیسپانیا بە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی ترەوە بەشی زۆرینەی كە نزیكەی 85%ی دەكات دەدرێتە هەردوو یانەی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە و هەر 18 یانەكەی تری خولی پلە یەكی ئیسپانی تەنیا 15%ی ئەو پارەیە وەردەگرن.
دیل نیدۆ بانگهێشتی هەموو یانەكانی بەشدار لە خولی پلە یەكی ئیسپانیای كرد بۆ كۆبوونەوە لە پێناو ناڕەزایی دەربڕین و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو نایەكسانییە و هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لەو بانگهێشتە بێبەشكراون.
پێشتر خولی ئیسپانی ناڕەزایی بەو شێوەیە بەرفراوانی دژی ئەو كارە بەخۆوە نەبینیوە.
دیل نیدۆ داوا دەكات هەموو یانەكانی ئیسپانیا وەك یەك پارەی فرۆشتنی یارییەكانیان وەربگرن و بۆ ئەوەش گرێبەستێكی بە كۆمەڵ لە نێوان یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و یانەكاندا هەبێت، نەك ئەوەی ئێستا هەیە و هەر یانەیە و سەربەخۆ دانووستان دەكات بۆ وەرگرتنی بەشی خۆی.
بەپێی سەرچاوە ئابوورییەكان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید ساڵانە زیاتر لە 150 ملیۆن یۆرۆیان لە فرۆشتنی پەخشی یارییەكاندا دەست دەكەوێت و ئەوە دەستكراوەیان دەكات بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی گەورە و پێدانی مووچەی زۆر بە یاریزانەكانیان.
Top