رۆژنامەكانی ئەرجەنتین: میسی بۆ پێنجەم یارییە گۆڵ ناكات و رۆناڵدۆ هەموو شتێك دەكات
رۆژنامەكانی ئەرجەنتین یارییەكانی دوێنێی نێوان هەڵبژاردەكانیان بۆ هێرشكردنە سەر میسی و بەراوردكردنی بە رۆناڵدۆی پورتوگالی قۆستەوە.
دوێنێ لە یارییەكی دۆستانەدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین 1-0 لە هەڵبژاردەی ڤەنزوێلای بردەوە و لە یارییەكە میسی ئاستێكی باشی پێشكەش نەكرد. لە یارییەكانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2012 هەڵبژاردەی پورتوگال توانی لە قوبرس بباتەوە 4-0 و كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە پێشتر بە خۆ ماندوونەكردن بۆ هەڵبژاردەی پورتوگال تۆمەتبار دەكرا توانی 2 گۆڵ تۆمار بكات و ئەو یاریزانە ئێستا لە پاڵاوتنەكانی یۆرۆدا خاوەنی 4 گۆڵە.
رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتینی گوتی لە كاتێكدا پێشتر گلەیی لە میسی و رۆناڵدۆ دەكرا بەوەی خۆیان بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان ماندوو ناكەن، ئێستا تەنیا میسی ماوەتەوە ئەو تۆمەتەی ئاراستە دەكرێت دوای ئەوەی رۆناڵدۆ پورتوگالی لە سەركەوتن بۆ یۆرۆی 2012 نزیك كردەوە.
رۆژنامەكە دەڵێ میسی رۆژ بە رۆژ لەگەڵ بەرشەلۆنەدا زیاتر دەردەكەوێ، كەچی بە پێچەوانەوە لەگەڵ ئەرجەنتین زیاتر ون دەبێ هەرچەندە راهێنەری نوێ كردوویەتی بە كاپتن و راهێنەرەكانی هەڵبژاردەكە خەریكن تەكتیكی یاریكردنیان لەسەر بوونی مسی دادەنێن نەك هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.
هەروەها دەڵێ رۆناڵدۆش هەمان تۆمەتی ئاراستە دەكرا، كەچی ئەو دوێنێ 2 گۆڵی تۆمار كرد و پێشتریش دوو گۆڵی هەبوو، لە یارییەكەدا هەموو شتێكی بۆ هەڵبژاردەكەی كرد و چەندین جار لە گۆڵی زیاترەوە نزیك بوو.