مۆرینۆ: به‌هۆی ئیتۆوه‌ ده‌بمه‌ هانده‌ری یانه‌ی ئینجی

مۆرینۆ: به‌هۆی ئیتۆوه‌ ده‌بمه‌ هانده‌ری یانه‌ی ئینجی
جۆزێ مۆرینۆی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی گوتی به‌هۆی ساموێل ئیتۆی كامیرۆنییه‌وه‌ ده‌بمه‌ هانده‌ری یانه‌ی ئینجی ماخاشكالای رووسی.

مۆرینۆ له‌ لێدوانی بۆ رۆژنامه‌ی كۆریرۆ دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی گوتی ئیتۆ یاریزانێكی نموونه‌ییه‌ له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بووبێت من هانده‌ری بووم، ئێستا كه‌ رووی له‌ رووسیا كردووه‌ ده‌بمه‌ هانده‌ری ئه‌و و یانه‌كه‌ی.
هه‌فته‌ی پێشوو ئیتۆ په‌سنی توانا و لێهاتوویی جۆزێ مۆرینۆی راهێنه‌ری پورتوگالیی كرد و گوتی ئه‌و راهێنه‌رێكیی بێوێنه‌یه‌ و باشترین راهێنه‌ره‌ من له‌ ژیانمدا ناسیبێتم.
ئیتۆ و مۆرینۆ دوو وه‌رزه‌ له‌مه‌وپێش پێشه‌وایه‌تی یانه‌ی ئینته‌ر میلانی ئیتاڵییا كرد بۆ بردنه‌وه‌ی 3 نازناوی جام و خولی ئیتاڵیا و خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا.
مۆرینۆ هه‌روه‌ها گوتی زۆر بیری ئیتۆ ده‌كه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانێكه‌ هه‌موو كه‌س حه‌ز به‌ ته‌ماشاكردنی ده‌كات له‌ كاتی یاریدا، هه‌رچه‌نده‌ یانه‌ی ئینجی به‌شداری له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌ ئه‌وروپییه‌كاندا ناكات، به‌ڵام دڵنیام له‌ وه‌رزی داهاتووه‌وه‌ ئه‌و یانه‌ رووسییه‌ به‌ بوونی ئیتۆ له‌ ریزه‌كانیدا زۆر جیاواز ده‌بێت.
Top