گواردیۆلا دەیەوێ ببێتە گەورەترین راهێنەر لە مێژوو بەرشەلۆنەدا

گواردیۆلا دەیەوێ ببێتە گەورەترین راهێنەر لە مێژوو بەرشەلۆنەدا
پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە چاوی لەوەیە ببێتە سەركەوتووترین راهێنەر لە مێژووی ئەو یانەیەدا كاتێك سبەی هەینی رووبەڕووی یانەی پۆرتۆی پورتوگالی دەبێتەوە لە یاری جامی سوپەری ئەوروپیدا.
گواردیۆلا بە نیازی بردنەوەیە لە یانەی پۆرتۆ بۆ ئەوەی بگاتە دوانزەیەمین نازناو لە كاروانی راهێنەرایەتی خۆی لەگەڵ یانە ئیسپانییەكە كە بەر لە 3 ساڵ دەستی پێكرد.
گواردیۆلا هەفتەی رابردوو ژمارەی نازناوەكانی لەگەڵ بەرشەلۆنە هاوتای یۆهان كرۆیڤی راهێنەری ئەفسانەی یانەكە كردەوە و كۆی نازناوەكانی لەگەڵ یانەكەدا كردە 11 نازناو هاوشێوەی كرۆیڤ كە لە نێوان ساڵانی 1988 تا 1996 راهێنەری یانەكە بوو.
گواردیۆلا دەیەوێ ببێتە پێشەنگی راهێنەرانی بەرشەلۆنە لە بردنەوەی نازناوەكاندا و پێش كرۆیڤ بكەوێتەوە كە لەسەردەمی راهێنەرایەتیدا هەلی دەركەوتن و درەوشانەوەی بە گواردیۆلای راهێنەر بەخشی.
بەرشەلۆنە كە وەرزی ئەمساڵ سیسك فابریگاس و سانچێزی هێناوەتە ریزەكانییەوە، سەرەتایەكی باشی لە وەرزی ئەمساڵدا دەست پێكردووە و دەیەوێ نازناوی سوپەری ئەوروپییش بخاتە سەر سەرەتای باشی كە بە بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانی دەستی پێكرد.
Top