فابریگاس:لە بەرشلۆنە سوپاسی ڤینگەر دەكات

فابریگاس:لە بەرشلۆنە سوپاسی ڤینگەر دەكات
دوای سێ ساڵ چاوەڕوانی و گفتوگۆی نێوان هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ئەرسناڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا سیسك فابریگاس لە یانەی ئەرسناڵەوە هاتە یانەی بەرشلۆنە بۆ ماوە پێنج ساڵ بەرامبەر بە 40 ملیۆن یۆرۆ، فابریگاس بە فەرمی لەیاریگای كامب نو بە ئامادەبوونی زیاتر لە 30 هەزار كەس پێشكەش بە هاندەرانی یانەی بەرشلۆنە كرا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فابریگاس خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی بە پەیوەندیكردنی بە یانەی بەرشلۆنە دوای 8 ساڵ لە رۆیشتنی لەم یانەیە بۆ یانەی ئەرسناڵ، فابریگاس دووپاتیكردەوە گەڕانەوە بۆ یانەی بەرشلۆنە خەونێك بوو هاتە دی و بەڵێنی بە هاندەرانی یانەی بەرشلۆنە دا ئەوەی لە توانای دابێت پێشكەشی بكات بۆ ئەوەی نازناوی زیاتر بۆ یانەكەی هەرێمی كەتالۆنیا مسۆگەر بكات.
فابریگاس لە درێژەی قسەكانیدا یانەی ئەرسناڵی و راهێنەرەكەی ئارسن ڤینگەری لە بیرنەكرد و لەمباریەوە گوتی: من هەر قسەیەك بكەم مافی ڤینگەر نادەمەوە، وشەكانم ناتوانن گوزارشت لە سوپاسگوزاری بكات، قەت لە بیری ناكەم چونكە خۆم بە قەرزاری ئەو دەزانم، بەهۆی ڤینگەرەوە ئێستا لەگەڵ ئێوەم.
فابریگاس لە هەمان كاتدا سوپاسی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە پیپ گواردیۆلا كرد كە بە بەردەوامی پیشتگیری لێكردووە بۆ ئەوەی بێتە ریزی یانەی بەرشلۆنە.
Top