جامی رۆجـەرز.. جۆكۆڤیج و سیرینا بوونە پاڵەوان

جامی رۆجـەرز.. جۆكۆڤیج و سیرینا بوونە پاڵەوان
لە هەردوو شاری تۆرەنتۆ و مۆنتریال لە وڵاتی كەنەدا یارییەكانی پاڵەوانییەتی جامی رۆجەرز 2011 لە یارییەكانی تێنسی سەر زەوی پیاوان و ئافرەتان كۆتایی هات و هەردوو یاریزانی سڕبی نۆڤاك جۆكۆڤیج لە سەر ئاستی پیاوان و كچە یاریزانی ئەمەریكی سیرینا ویلیامز لەسەر ئاستی ئافرەتان نازناوەكەیان بەدەست هێنا، لەیاری كۆتایی پیاواندا جارێكی دیكە یاریزانی سڕبی نۆڤاك جۆكۆڤیج پۆلینكاری یەكەمی جیهان ئەو راستیەی سەلماند كە ساڵی 2011 ساڵی ئەو یاریزانەیە كاتێك توانی لە یاریزانی ئەمەریكی ماردی فیشی بردەوە بە ئەنجامی دوو كۆمەڵە بەرامبەر بە كۆمەڵەیەك، ئەنجامی كۆمەڵەكان ( 6 – 2، 3 – 6، 6 – 4 ) بوو، جۆكۆڤیج لە گەڵ 1000 خاڵی پاڵەوانەتییەكە كە شوێنی خۆی لە پلەی یەكەمی لە ریزبەندی باشترین یاریزانانی جیهان قایمتر كرد، خەڵاتی 450 هەزار دۆلاری وەرگرت، جۆكۆڤیج بەم سەركەوتنە بووە یەكەم یاریزان لە مێژوودا، چونكە لە یەك ساڵدا پێنج نازناوی لەسەر یەك لە پێنج پاڵەوانییەتی ماستەرز بە دەست دەهێنێت، هەروەها جۆكۆڤیج تا ئێستا لە سەرجەم ئەو پاڵەوانەتییانەی كە بەشداری تێدا كردووە تەنها یەك یاری دۆڕاوە بەرامبەر بە 53 سەركەوتن، لە هەمان كاتدا جۆكۆڤیج لە كۆی 10 پاڵەوانییەتی نۆ پاڵەوانییەتی بەدەست هێناوە كە دوانیان لە چوار پاڵەوانتییە گەورەكانن.
لە یاری كۆتایی ئافرەتاندا كچە یاریزانی ئەمەریكی سیرینا ویلیامز رووبەڕووی كچە یاریزانی ئوستورالی سامنسا ستۆسەر بۆوە و توانی یارییەكە بباتەوە بە ئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر، ئەنجامی كۆمەڵەكان ( 6 – 4، 6 – 2 ) بوو، سیرینا ئەوە دووەمین نازناوە لە ساڵی 2011 بەدەستی دەهێنێ و خۆی ئامادە دەكات بۆ بەشداریكردن لە یارییەكانی پاڵەوانییەتی فلاشینگ میدۆز كە دوا پاڵەوانییەتی گراند سلامە لە ساڵی 2011 و یارییەكانی لە شاری نیۆیۆرك ئەنجام دەدرێت.
Top