لە ڕێگای فیسبوكەوە هاندەرانی زاخۆ داوای سەعدی تۆما دەكەن
دوای ئەوەی ڕاهێنەری یانەی زاخۆ باسم قاسم لە بڕیارێكی لە ناكاودا بڕیاری جێهێشتنی یانەی زاخۆی دا، بەفەرمی بۆندی لەگەڵ یانەی شوڕتەی شاری بەغدا مۆركرد، لە ئێستاشدا یانەی زاخۆ لەهەوڵی جێگرتنەوەی ئەو ڕاهێنەرەدایە و بەنیازیشە ژمارەیەك گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی بەتوانای یانەكانی عێراق مۆربكات، لە ئێستاشدا هاندەرانی یانەی زاخۆ لە رێگەی ڕاپرسییەكی فەیسبووكەوە دوای هێنانەوە سەعدی تۆمای ڕاهێنەری پێشووی یانەكەیان كردووە بۆ ئەوەی مەشقی یانەكە وەربگرێتەوە. لەمبارەشەوە سەڵاح عەلی ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی زاخۆ بە فایلی وەرزشی گوڵانی راگەیاند گوتی «ئێمە هەوڵماندا بۆئەوەی گرێبەست لەگەڵ باسم قاسم نوێ بكەینەوە بۆئەوەی مەشقی یانەكە لە ئەستۆ بگرێتەوە، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە، ئێستاش ئێمە لە هەوڵی كۆبوونەین لەگەڵ سەرۆكی یانەكە كە لە دەرەوەی وڵاتە، ئەوكات ئەگەر ڕاهێنەرێكی عێراقیمان دەست نەكەوت بیرمان لەوە كردۆتەوە بۆند لەگەڵ ڕاهێنەرێكی بە ئەزموونی وڵاتی رۆمانیا ئیمزا بكەین، هەروەها بڕیارمانداوە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانای یانەكانی عێراقی پەڵكێشی یانەكەمان بكەین،بەڵام تا ئێستا هیچ گرێبەستێكمان واژوو نەكردووە، بەڵام بەفەرمی لەگەڵ هەریەك لە نور سەبری گۆڵچی و ئەمیر سەباح وعەلا حوسێن گرێبەستمان نوێ كردۆتەوە، لە هەوڵی ئەوەشداین گرێبەستی سەفوان عەبدول غەنیش نوێ بكەینەوە، دوای كۆبوونەوەشمان لەگەڵ سەرۆكی یانەكەمان، ئەوكات بڕیاری كۆتایی دەدەین لەسەر ئەوەی كە باشترین یاریزانانی عێراقی بهێنینە ریزی یانەكەمان، ئێستاش لە یانەی زاخۆ هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە.