لە مەكسیك تەقەكردن یارییەكی تۆپی پێی راگرت

لە مەكسیك تەقەكردن یارییەكی تۆپی پێی راگرت
بەهۆی تەقەكردنەوە یارییەكی تۆپی پێ لە مەكسیك راوەستا و یاریزانان و هاندەرانی ئامادەبووی یارییەكە ناچار بوون واز لە یاریكردن بێنن و خۆیان بشارنەوە.
یارییەكە كە یارییەكی خولی پلە یەكی مەكسیك بوو بەهۆی تەقەیەكی زۆری نزیك لەو یاریگەیەوە كە یارییەكەی تێدا ئەنجام دەدرا راگیرا و یاریزانانی هەردوو یانە بۆ رزگاركردنی گیانی خۆیان بە پەلە روویان لە ژووری خۆ گۆڕین كرد و هاندەرانیش یاریگەیان بەجێهێشت.
یارییەكە لە نێوان هەردوو یانەی سانتۆس و مۆناركاس مۆریلیا ئەنجام درا و دوای 40 خولەك لە دەستپێكردنی راگیرا.
سەرچاوەكانی پۆلیسی مەكسیكی گوتیان شەڕە تەقە ئەوكات روویدا كە 3 ئۆتۆمبێلی پڕ چەكدار رازی نەبوون لە خاڵێكی پشكنینی سوپای مەكسیك لە نزیك یاریگەكە بووەستن و ئەوە شەڕی لە نێوان هەردوولادا هەڵگیرساند.
شەڕە تەقەكە بووە هۆی تەنیا برینداربوونی یەك ئەفسەری پۆلیس و كەس لە ناو یاریگاكەدا بریندار نەبوو.
Top