گرووپی (QED) ئەمریكی رەوشی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان بەزردەنرخێنێت
شاندێكی گرووپی (QED Group/PERFORM)ی ئەمریكی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتنە هەرێمی كوردستان، تا لە نزیكەوە بە رەوشی كۆمەڵگەی مەدەنی هەرێمی كوردستان ئاشناببن و پلانێك بۆ هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوە مەدەنییەكان دابڕێژن و پیاچوونەوە بۆ كاروچالاكییەكانی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریكا (USAID) بكەن .
بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ئەزموونی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان و شێوازی كاركردن وچالاكییەكانی رێكخراوە مەدەنییەكان و هەڵسەنگاندنی كاروچالاكییەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا، شاندێكی باڵای گرووپی (QED)ی ئەمریكی كە پێكهاتبوو لە خاتوو ملیسا بێرل راوێژكار لە دامەزراوەكەو پۆل ماسۆن بەڕێوەبەری جێبەجێكارو خاتوو دالیا عەبدولحەمید پسپۆری هەڵسەنگاندنی كەرتی گشتی، سەردانی ئۆفیسی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان (IKNN)یان كرد لە هەولێرو، لەلایەن دلێر ئیبراهیم بەڕێوەبەری راگەیاندن و رەنجدەر قەهرەمان بەڕێوەبەری كاروباری دارایی و هەڵگورد سمایل بەڕێوەبەری گەشەپێدانی رێكخراوەكان لە ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان پێشوازیان لێكرا..
لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان پووختەیەكی دەربارەی گرنگترین كاروچالاكییەكانی (IKNN) لەوەتەی دامەزراندنی لە ساڵی 2000و، كاری رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستانی هەرێمی كوردستان لە گەشەپێدانی كۆمەڵ و كاركردن وەك گرووپی گوشارو دەسەڵاتی پێنجەم بۆ شاندی میوان روونكردەوەو ئامادەیی ئەنجومەنیشی نیشاندا بۆ هاوكاری كردنی گرووپەكە تا ئەركەكانیان بەسەركەوتوویی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن و بەشێوەیەكی سەركەوتووانە پیاچوونەوە بۆ كارەكانی (USAID) بكەن لە هەرێمی كوردستاندا.
لەبەرامبەریشدا خاتوو ملیسا بێرل دەستخۆشی لە هەوڵ و كۆششەكانی (IKNN) كرد بۆ گەشەپێدانی رێكخراوە مەدەنییەكان و ئەزموونی كاری شارستانی لە هەرێمی كوردستان بەرزنرخاند، دووپاتی كردەوە ئێستا پرۆژەیەكیان بەدەستەوەیە تا لە نزیكەوە بە كاری رێكخراوەكان ئاشناببن و هەوڵی بەهێزكردن و گەشەپێدانی كاری رێكخراوەیی دەدەن لە هەرێمی كوردستاندا.
شایانی باسە گرووپی (QED)ی ئەمریكی ئۆفیسی سەرەكی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكایەو ئێستا پرۆژەیەك بۆ پیاچوونەوە بە كاری رێكخراوەیی و كاریگەریی یارمەتییە داراییەكانی ئاژانسی گەشەپێدانی ئەمریكی لە عێراقدا جێبەجێ دەكات..