رۆناڵدینۆ و مارسیلۆ گەڕانەوە ریزی هەڵبژاردەی بەرازیل

رۆناڵدینۆ و مارسیلۆ گەڕانەوە ریزی هەڵبژاردەی بەرازیل
مانۆ مینیزیسی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دواجار ملی بۆ واقیع دا و بانگهێشتی هەریەك لە رۆناڵدینۆ و مارسلیۆ و هۆڵكی كرد بۆ ریزی هەڵبژاردەكەی.
هەڵبژاردەی بەرازیل لە 5ی مانگی ئەیلوولی داهاتوو یارییەكی دۆستانە بەرامبەر هەڵبژاردەی گانا لە لەندەن ئەنجام دەدات و مینیزیس كە لە ماوەی رابردوودا كەلەرەقییەكی زۆری بەرامبەر ژمارەیەك یاریزانی هەڵبژاردەكەی پێشاندا، ئەمجارەیان لە هەڵوێستەكانی خۆی پاشگەز بووەوە.
مینیزیس كە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی چوونە دەرەوە لە قۆناخی هەشتی جامی كۆپا ئەمەریكا و دۆڕانی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یارییەكی دۆستانەدا 2-3 كە یەكەم بردنەوەی ئەڵمانیایە لە بەرازیل لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە بەهۆی ئاستی هەڵبژاردەكە لەسەر دەستی ئەو و بانگهێشتنەكردنی هەندێك یاریزان تەنیا لەبەر هەڵوێستی كەسی، ئەمجارەیان بۆ یارییەكەی گانا هەریەك لە رۆناڵدینۆ و مارسیلۆ و هۆلكی بانگهێشت كرد.
مانۆ پێكهاتەی هەڵبژاردەكەی بۆ یارییەكە ئاشكرا كرد و جیا لە رۆناڵدینۆ، مارسیلۆی بەرگریكەری یانەی ریال مەدریدیش یەكێكی تر لە گەڕاوەكانی ریزی هەڵبژاردەكەیە لەگەڵ هۆلكی هێرشبەری یانەی پۆرتۆی پورتوگالی.
Top