میسی بەرشەلۆنەی كردە خاوەنی جامی سوپەر

میسی بەرشەلۆنەی كردە خاوەنی جامی سوپەر
لیۆنێل میسی پێشەوایەتی یانەی بەرشەلۆنەی كرد بۆ بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دوای ئەوەی لە یاری گەڕانەوەی نێوان یانەكەی و یانەی ریال مەدرید توانی گۆڵێك دروست بكات و دوو گۆڵیش تۆمار بكات بۆ ئەوەی یانەكەی 3-2 بباتەوە.
یارییەكە وەك یاری چوونی جامی سوپەر لە سەرەتاوە بە پاڵەپەستۆ و ئاستی باشتری ریال مەدرید دەستی پێكرد كە بەرشەلۆنەی ناچار كرد بگەڕێتەوە یاریگای خۆی و چەند هەلێكی ئاسانیش لە دەست بدات، تا ئەو كاتەی میسی تۆپێكی جوانی بۆ ئینێستا نارد و ئەو گۆڵی یەكەمی یانەكەی تۆمار كرد.
ریال مەدرید لە پاڵەپەستۆ خستنە سەر یانەی بەرشەلۆنە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەكی 20 گۆڵی بەرامبەری ریال مەدریدی تۆمار كرد و لە خولەكی 45 میسی جارێكی تر دەركەوت و یاری بە بەرگریكەرانی ریال مەدرید كرد و گۆڵی پێشكەوتنی تیپەكەی تۆمار كرد.
گێمی دووەم رووداوە گەرمەكانی بۆ 10 خولەكی كۆتایی یارییەكە هەڵگرت و تا ئەوكاتە یارییەكە وێڕای دابەزینی ئاستی، كۆنترۆڵی یاریگەی لەلایەن ریال مەدریدەوە بەخۆوە بینی و لە خولەكی 82 كەریم بنزیمە شێوان و تێكچوونی شیرازەی هێڵی بەرگری بەرشەلۆنەی قۆستەوە و گۆڵی یەكسانی تیپەكەی تۆمار كرد.
بەڵام لە خولەكی 89 جارێكی تر میسی دەركەوتەوە و توانی گۆڵی سێیەمی بەرشەلۆنە تۆمار بكات و یانەكەی بكاتە خاوەنی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانی بۆ هەشتەمین جار لە مێژووی خۆیدا.
Top