داوا ده‌كرێ شوماخه‌ر واز له‌ یاریكردن بێنێت

داوا ده‌كرێ شوماخه‌ر واز له‌ یاریكردن بێنێت
پێده‌چێ مایكڵ شوماخه‌ری پاڵه‌وانی پێشووی فۆرمۆلا وه‌ن به‌ خراپترین كاته‌كانی ته‌مه‌نیدا تێپه‌رِێت دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا نه‌یتوانی هیچ نازناوێك به‌ده‌ست بێنێت.

دوای كه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی شوماخه‌ر له‌ پێشبرِكێكانی فۆرمۆلا وه‌ن، چه‌ندین ده‌نگ بۆ وازهێنانی شوماخه‌ر به‌رز بوونه‌وه‌.

له‌ دوا داواكاری وازهێناندا نیكی لاودای پاڵه‌وانی پێشووی فۆرمۆلا وه‌ن داوای له‌ شوماخه‌ر كرد واز له‌ یاریكردن بێنێت و بۆ تا هه‌تایه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپانه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوودا تۆمار كردوون.

لاودا گوتی من نایشارمه‌وه‌ كه‌ له‌ هانده‌رانی گه‌رِانه‌وه‌ی شوماخه‌ر بووم بۆ یاریكردن، به‌ڵام ده‌بێ راستبین بین و شوماخه‌ر ماوه‌یه‌كی زۆری ده‌وێ تا له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كه‌ی رادێت، له‌به‌رئه‌وه‌ وازهێنانی باشتره‌.

پێشتر شوماخه‌ر شۆفێری فیراری بوو و دوای وازهێنانی په‌یوه‌ندی به‌ تیپی مارسیدسه‌وه‌ كرد.
Top