یارییەكانی پاڵەوانییەتی جامی ئیمارات بۆنەیەكی گونجاو بوو بۆ یاریزانی فەرەنسی بەناوبانگ تیری هینری كە لە یانەی نیویۆرك رید بۆڵزی ئەمریكی یاری دەكات و بەشداری لە خولەكە كرد بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بە هاندەرانی یانەی ئەرسنال شاد بێتەوە، كە چەندین وەرز هینری ئەستێرە و كاپتنی یانەی ئەرسنال بوو، لە دوا یاری خولەكە لە نێوان هەردوو یانەی ئەرسنال و رید بۆڵز یاریزان هینری ئارەزووی هەبوو لە دوا پێنج خولەكدا بە درێسی یانەی ئەرسنال یاری بكات، بۆ ئەم مەبەستەش یانەی ئەرسنال رەزامەندی نیشاندا، بەڵام ناوبژیوانی یارییەكە و بە پێی رێنماییەكان رێگای بە هینری نەدا ئارەزووەكەی بهێنێتە دی.
لە دوای یارییەكە كە تیپەكەی هینری نازناوەكەی بەدەست هێنا، یاریزانی ناوبراو سوپاسی هاندەرانی یانەی ئەرسنالی كرد بۆ ئەم پێشوازییە گرمە و رایگەیاند كە هیچ یانەیەك بە رۆیشتنی یاریزانێك ئاستی دانابەزێت ئەوەش ئاماژە پێكردنێكە بە هەواڵی رۆیشتنی یاریزان فابریگاس بۆ یانەی بەرشلۆنە.