كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆلۆمپیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا

كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆلۆمپیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا
لیژنەیەك بۆ گەرانەوەی هاوكاری وەرزشوانە دێرینەكان پێكهێنرا
گوڵان:كارزان كانەبی
بە ئامادەبوونی بەرێز(مەلا بەختیار) سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان و ئەندامانی كۆمیتەی تەفیزی، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای لیژنەكە لە شاری هەولێر ئەنجامدا،لەو بارەیەوە (حەربی خالید) ووتەبێژی رەسمی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری زیاتر كۆبوونەوەكەی خستەروو و راگەیاند"
1-دوای ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەتی لە نوێنەری حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان پێكهێنا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە وەرزشیانەی كە رووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە بۆ ئەوە بتوانن هەولی باشتر لە پێناو بەرەو پێش بردنی وەرزش بدرێت لە رێگەی چارەسەركردنی ئەو كێشانە و ئەكتیڤ كردنی زیاتری وەرزش لە هەرێمی كوردستان،كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەكی زۆرەوە لەو لیژنەی رووانی و هەڵوەستەی لە سەر سێ خاڵی گرنگ كرد:
یەكەم/ لیژنەیەكی یاسایی لە هەریەكە لە ولیژنەكە (د.ئالان قادر،د.سەرهەنگ عبدالخالق،د.كەژاڵ كاكە حەمە) پێكهێنرا بۆ پێش كەش كردنی قانونی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتوو پێشكەش بەو لیژنەیە بكرێت،بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو قانونە پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان بكرێت .
دووەم/ لیژنەیەك لە هەریەكە لە (موئەید مەغدید،سەلاح محمد كەریم،نەوزاد قادر،سەعید سۆلاڤ) پێكهێنرا بۆ ئەوەی بە دواداچوون بۆ منحەی یانەكانی كوردستان بكەن و چەند پێشنیار و داواكاریەك ئامادەبكەن بۆ ئەوەی پێشكەش بەو لیژنەیەی بكەن تا لەو رێگەیەوە منحەی یانەكان زیاتر و باشتر بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پەرەی زیاتر بە چالاكی وەرزشی لە هەرێمی كوردستان بدرێت،بۆ ئەوەی لە داهاتوودا منحەی یانەكان بەپێی چالاكی و بەشداری كردن لە خول و پاڵەوانێتیەكان بە شێوەیەكی یەكسان و بی َجیاوازی كردن بدرێت.
سێیەم/لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی (سەفین كانەبی) و ئەندامێتی نوێنەری هەرچوار پارێزگاكەی كوردستان بۆ وەرزشوانە دێرینەكان پێكهێنرا،ئەو لیژنە كۆمەلێك پێشنیار و داواكاری پێشكەش بەو لیژنەی دەكات بە تایبەت بۆ دووبارە گەراندنەوەی هاوكاری وەرزشوانە دێرینەكان.
2-دوای ئەوەی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان مانكانە بری 6 ملیۆن دیناری بۆ چالاكی كچان و ئافرەتان تەرخان كرد،لە ماوەی رابردوو لە رێگەی نوسینگەی ئافرەتانی لیژنەكەوە چەند خول و پاڵەوانێتیەكی ئافرەتان بەرێووەچوو،ئەمەش رەزامەندی ئەندامانی كۆمیتەی تەنفیزی لێكەوتەوە و دەستخۆشی ئاراستەی نوسینگەی ئافرەتان كرا بو چالاكیانە و جەخت لە سەر بەردەوامی چالاكی كچان و ئافرەتان كرایەوە و هەروەك دووپاتیش كرایەوە ئەگەر پێویست بكات بودجەی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان بۆ ئەوەی لە خول و پاڵەوانێتیە ناوخۆیی و دەرەكیەكان ئەنجامی بەرچاو بەدەستبهێن،هەروەها بریار درا لە كاتی سەردان كردنی هەڵبژاردەی ئافرەتانی كوردستان بۆ دەرەوەی هەرێم لە هەر یاریەكدا بێت ئەندامێكی نوسینگەی ئافرەتانی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان هاوشانی وەفدەكە بێـت.
3-دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو وەفدێكی وەرزشی سویدی سەردانی لیژنەی ئۆلۆمپیان كرد و لەگەڵ یەكێتیە وەرزشیەكان و نوسینگەكانی ئافرەتان و یانە و دامەزراوە وەرزشیەكان كۆبوونەوە،ئەو كارانەی ئەو وەفدە لەلایەن كۆمیتەی تەنفیزیەوە بەرزنرخێنرا،ئاماژە بەوەشكرا كە هەوڵ و كۆششی زیاتر لە گەڵ ئەو وەفدە وەرزشیە سوید بدرێت بۆ ئەوەی خولی راهێنان و ناوبژیوانی و خولی وەرزشی بۆ یانە و یەكێتیە وەرزشیەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پەرەی زیاتر بە وەرزشی بدرێت لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی وەرزش لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت وەرزشی كچان و ئافرەتان.
Top