رۆژنامەنووسانی وەرزشی: چیتر بێدەنگ نابین
ساڵانێكە رۆژنامەنووسان لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری گرفتیان دەخرێتە پێش و رێگری لەبەردەم كارەكەنیان دەكرێت، هەروەها چەندین جاریشە رۆژنامەنووسان سوكایەتیان پێدەكرێت. تائێستا گەلێك داواكاری بۆ دابینكردنی شوێنی تایبەت بە رۆژنامەنووسان پێشكەش بە بەرپرسانی یانەی هەولێرو یاریگاكە كراوە، بەڵام تا ئێستا كەس لە ئاست ئەو داواكارییە نەهاتۆتە وەڵام. هەرچەندە لە تەنیشت ژووری VIP شوێنێك بەناو بۆ ئێمە تەرخانكراوە، كەچی تا ئێستاش یەك رۆژنامەنووسان تەنانەت نەیانتوانیوە بگاتە پەیژەكانی نزیك ئەو شوێنەش. لەم یارییەشدا ئەو شوێنەی لەناو جەماوەر بۆ رۆژنامەنووسان دیاری كرابوو، تەنانەت لەبەر جەماوەر رۆژنامەنووسێكیشت بەرچاو نەدەكەوت، بۆیە مافی خۆمانە شوێنێكی دیارو پارێزراومان هەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار بەرپرسان و پۆلیسی یاریگامان ئاگەدار كردەوە، بەڵام نەك بە تەك داواكارییەكەمانەوە نەهاتن، بەڵكو لەم شوێنەی كە تەنها جێگای قاچەكانمانی لێدەبۆوە، دەریان كردین و سەرباری ئەوەش بە قسەی ناشیرن و جنێوو سوكایەتی پێكردن بەرەو دەرەوە پاڵیان پێوەناین.
بۆیە ئێمە كە كۆمەڵێك رۆژنامەنووسین بڕیارمانداوە بە یاننامەیەكی ناڕەزایی دەربكەین و بۆ هەریەك لە پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و سەندیكای رۆژنامەنووسان و بەرپرسانی یاریگای هەولێر و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرزی بكەینەوە، هەروەها بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەستدرێژیكردنە سەر كەسایەتی رۆژنامەنووس و سوكایەتی پێكردنیان دەبینەوەو بۆ دواجار ئاگەداری بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و ئاسایشی شاری هەولێریش دەكەینەوە كە مامەڵەیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان بۆ شێوازێكی مۆدیرن و مەدەنیانە بگۆڕن، ئەگینا ئەمجارە توندترین هەڵوێستمان بەرامبەریان دەبێت و چیتر بێدەنگ نابین.
رۆژنامەنووسانی ناڕازیی