ئەمشەو لە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكادا ئۆرۆگوای و پاراگوای بەیەك دەگەن

ئەمشەو لە یاری كۆتایی كۆپا ئەمەریكادا ئۆرۆگوای و پاراگوای بەیەك دەگەن
ئەمشەو لە كاتژمێر 10ی شەودا بە كاتی هەولێر پەردە لەسەر رووداوەكانی چل و سێیەمین پاڵەوانیەتیی كۆپا ئەمەریكا بە رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و پاراگوای دادەدرێتەوە.
هەرچەندە لەسەر كاغەز و بەپێی پێشبینییەكان و بە ڕوانین لە ئاستی هەردوو هەڵبژاردە، ئۆرۆگوای نزیكترە و پاڵێوراوی سەرەكییە بۆ بردنەوەی نازناوەكە، وەلێ هەڵبژاردەی پاراگوای كە لە دوورەوە گەڕایەوە و توانی هەڵبژاردەیەكی گەورەی وەك بەرازیل لە قۆناخی هەشتدا بكاتە دەرەوە، ركابەرێكی وا ئاسان نابێ.
ئۆرۆگواییەكان كە لە سەرەتای پاڵەوانیەتییەكەدا زۆر دوور بوون لەو ئاستەی لە مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفەریقادا پلەی چوارەمی جیهانیان بەدەست هێنا، لە قۆناخی هەشتدا و لە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی خانەخوێدا هەموو گومانەكانی سەر خۆیانیان رەواندەوە و دواتر ڤەنزوێلای سوپرایزی پاڵەوانیەتییەكەیان لە گەیشتن بۆ یاری كۆتایی بێبەش كرد.
هەرچی ئۆرۆگوایە، ئەو هەڵبژاردەیە بە سێیەمی كۆمەڵەكەی گەیشتە قۆناخی دووەم، وەلێ توانی لە هەموو هەڵبژاردەكانی تری كۆمەڵەكەی زیاتر خۆی بگرێت و بمێنێتەوە.
ئەوەی مایەی سەرنجە لە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوایدا ئەوەیە تا یاری كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە كە ئەمشەو ئەنجامی دەدات، نەیتوانیوە هیچ یارییەك بباتەوە و لە قۆناخی یەكەمدا هەرسێ یاری خۆی بە یەكسان بوون كۆتایی پێهێنا و دواتر لە قۆناخی هەشتدا لەگەڵ بەرازیل 0-0 یەكسان بوو و بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە یارییەكەی بردەوە و لە یاری پێش كۆتاییشدا هەمان سیناریۆی یەكسان بوونی بەسەر هەڵبژاردەی پیرۆدا دووبارە كردەوە و دوای یەكسان بوون لە كاتی یاسایی و زیادكراوی یارییەكە، توانی بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە لێی بباتەوە و بگاتە یاری كۆتایی.
یارییەكەی ئەمشەو رووبەڕووبوونەوەی ئەستێرەكانی وەك كاڤانی، سوارێز و فۆرلانە بەرامبەر ئەستێرەكانی پاراگوای كە رۆكی سانتاكروز و هایدۆ ڤاڵدێز و لۆكاس باریۆس پێشەوایەتییان دەكەن.
Top