هۆنگ كۆنگ 10 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ یاریزانه‌كانی ئه‌گه‌ر له‌ سعوودییه‌ ببه‌نه‌وه‌

هۆنگ كۆنگ 10 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ یاریزانه‌كانی ئه‌گه‌ر له‌ سعوودییه‌ ببه‌نه‌وه‌
سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پیی هۆنگ كۆنگ به‌ڵێنی خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی به‌ برِی 10 ملیۆن دۆلار به‌ یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی دا ئه‌گه‌ر بتوانن به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ ببرِن و بگه‌نه‌ قۆناخی سێیه‌می پاڵاوتنه‌كانی كیشوه‌ری ئاسیای سه‌ركه‌وتوو بۆ كۆتاییه‌كانی مۆندیالی 2014ی به‌رازیل.

هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وپێش گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ فرانك ریكاردی راهێنه‌ری هۆڵه‌ندیدا كرد بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌ ماوه‌ی 2 ساڵی داهاتوودا.

لیۆ چۆن تای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی هۆنگ كۆنگ له‌باره‌ی رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی سعوودییه‌ و بوونی ریكارد له‌ پۆستی راهێنانی سعوودییه‌دا گوتی ریكارد 3 هه‌فته‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی پاڵاوتنه‌كان گه‌یشته‌ سعوودییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێشبینی ناكه‌م شێواز و ته‌كتیكی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ گۆرِانكاریی زۆری به‌سه‌ردا هاتبێت.

راهێنه‌ری هۆنگ كۆنگ زیاتر گوتی شێوازی كاری ریكارد ئاشكرایه‌ و هه‌مان ئه‌و شێوازه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رشه‌لۆنه‌دا په‌یرِه‌وی ده‌كرد. له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی ئه‌مرِۆ من په‌نا بۆ به‌رگری پته‌و ده‌به‌م.
Top