فابیۆ كەنەڤارۆ وازی هێنا

فابیۆ كەنەڤارۆ وازی هێنا
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەشاری دوبەی بەڕێوەچوو، یاریزان و كاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتالیا فابیۆ كەنەڤارۆ بڕیاری وازهێنانی لە یاریكردن لە تەمەنی 37 ساڵیدا راگەیاند، كەنەڤارۆ لە كۆنگرەكەدا گوتی: من زۆر غەمبار و دڵتەنگم، تۆپی پێ بۆ من هەموو شتێك بوو، ئەم بڕیارەش ئاسان نەبوو، لە بەدبەختی ئەم رۆژە لە پێش هەموو یاریزانێكە، بەداخەوە پێكانی ئەژنۆم رێگای پێنەدام بەردەوام بم.
كەنەڤارۆ كە جامی جیهانی 2006 لە ئەڵمانیا لە گەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیا بە دەست هێنا لە وەرزی رابردوو لە یانەی ئەهلی دوبەی یاری كردووە، ماوەی ساڵێك لە بۆندەكەی ماوە بەڵام بە هۆی پێكانەوە ناچار بوو بە یەكجاری واز بهێنێت، لەمبارەیەوە كەنەڤارۆ وتی: ساڵێك لە بۆندەكەم ماوە، لێپرسراوانی یانەی ئەهلی داوایان لێكردم بەردەوام بم بۆیە كارێكی كارگێڕیان پێداوم منیش قبولم كرد. هەروەها كەنەڤارۆ گوتی : من نوێنەری یانەی ئەهلی دەبم، ئەم كارە زیاتر هانم دەدات بۆ بەردەوام بوون لە بواری تۆپ پێ، بێگومان حەزم دەكرد ساڵێكی دیكە یاری بكەم بەڵام نەمدەتوانی ئاستی راستەقینەی خۆم پێشكەش بكەم چونكە ئەژنۆم یارمەتی نەدام.
كەنەڤارۆ لە گەڵ یانەكانی یۆڤانتس و ریال مەدرید یاری كردووە و لە ساڵی 2006 بە باشترین یاریزانی جیهان و ئەوروپا دەست نیشانكرا.
Top