روسیا بووە پاڵەوانی 2011 لە یاری بالەدا

روسیا بووە پاڵەوانی 2011 لە یاری بالەدا
بە بەشداری 8 هەڵبژاردە یارییەكانی قۆناغی كۆتایی خولی جیهانی لە یاری تۆپی بالە لەشاری گادسنك لە وڵاتی پۆلەندا ئەنجامدرا و تیایدا هەڵبژاردەی روسیا بۆ جاری دووەم لە مێژوودا نازناوەكەی بەدەست هێنا، لەم پاڵەوانەتییەدا هەڵبژاردەكانی بەرازیل و روسیا و كوبا و ئەمەریكا لە گروپی یەكەم و ئیتالیا و پۆلەندا و ئەرژەنتین و بولگاریا لە گروپی دووەم یارییان كرد، لەم هەڵبژاردانەدا، گروپەكان بۆ قۆناغی كۆتایی سەركەوتن، دوای زنجیرەیەك یاری كە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، هەردوو هەڵبژاردەی روسیا و بەرازیل گەیشتنە یاری كۆتایی، لەم یارییەدا ئەستێرەكانی هەردوو هەڵبژاردە جوانترین و بەرزترین هونەری یاری بالەیان پێشكەش كرد و لە كۆتاییدا هەڵبژاردەی رووسیا بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی جیهانی دوای سەركەوتنی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بەدوو گێم لە بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل پاڵەوانی دوو ساڵی رابردوو، ئەنجامی گێمەكان ( 23 – 25، 27 – 25، 25 – 23، 22 – 25، 15 – 11 ) بوو .
لە یاری دیاركردنی پلەی سێیەم و چوارەم، هەڵبژاردەی پۆلەندا رووبەرووی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بۆوە و توانی یارییەكە بە ئەنجامی سێ گێمی بێ بەرامبەر بباتەوە و بۆ یەكەمجار پلەی سێیەم بەدەست بهێنێت، ئەنجامی گێمەكان ( 25 – 18، 25 – 22، 25 – 21 ) بوو، بەم ئەنجامانە هەڵبژاردەی روسیا پلەی یەكەم و خەڵاتی یەكەمی وەرگرت كە بریتی بوو لە یەك ملیۆن دۆلار، هەڵبژاردەی بەرازیلیش پلەی دووەم و خەڵاتی دووەمی وەرگرت كە بریتی بوو لە 500 هەزار دۆلار، هەڵبژاردەی پۆلەندا پلەی سێیەم و خەڵاتی سێیەمی وەرگرت كە بریتی بوو لە 300 هەزار دۆلار، یاریزانی هەڵبژاردەی روسیا ماكسیم میخایلۆف بە باشترین یاریزانی خولەكە دەست نیشانكرا و خەڵاتی 30 هەزار دۆلاری وەرگرت.
خولی جیهانی لە یاری بالە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1990 ئەنجامدرا و ساڵانە یارییەكانی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا بەرازیل خاوەن ژمارەی پێوانەییە لە نازناوەكان و 9 جار جامەكەی بە دەست هێناوە و هەڵبژاردەی ئیتالیا بە پلەی دووەم دێت بە بەدەست هێنانی 8 نازناو، روسیا دوو نازناو و هەریەك لە هەڵبژاردەكانی ئەمریكا و كوبا و هۆڵەندا یەك جار ئەم نازناوەیان بەدەست هێناوە.
Top