پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ تۆپی باسكەی كچان لە هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت

پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ تۆپی باسكەی كچان لە هەڵەبجە ئەنجام دەدرێت
یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان بڕیاریدا پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی لە ئاستی كچان لە شاری هەڵەبجە ئەنجام بدرێت، لە لێدوانێكدا سەردار حەیدەر سەرۆكی یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان گوتی: بۆ پێشخستنی بواری تۆپی باسكە لەسەر ئاستی كچان لە كوردستان و هاندانی كچانی هەڵەبجە بۆ ئەوەی روو لە یاری تۆپی باسكە بكەن، یەكێتییەكەمان بڕیاری داوە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی لە شاری هەڵەبجەی شەهید ئەنجام بدات.
لە درێژەی قسەكانیدا سەردار حەیدەر گوتی: لەم پاڵەوانێتییە هەر سێ یانەی خاوەن پلەی یەكەم و دووەم و سێیەمی خولی نایابی كوردستان لەسەر ئاستی كچان(ئەكاد، سەنحاریب، سیروانی نوێ) و یانەیەكی كوردستانی ئێران و یانەیەكی كوردستانی توركیا بەشداری تیاییدا دەكەن، بەڵام تا ئێستا كاتی ئەنجامدانی خولەكە و هەردوو یانەی كوردستانی توركیا و كوردستانی ئێران دیاری نەكراوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەردار حەیدەر گوتی: ئێمە هەموو پێداویستییەكانمان دابین كردووە و تەنیا رەزامەندی یانەكان و هەندێك كاری رۆتین ماوە، ئینجا پاڵەوانێتییەكە بەفەرمی بەڕێوە دەچێت.
Top