ساڵێك و پێنج رۆژه‌ فۆرلان گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌

ساڵێك و پێنج رۆژه‌ فۆرلان گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌
دیگۆ فۆرلانی هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوای و باشترین یاریزانی مۆندیالی 2010ی باشووری ئه‌فه‌ریقا، ماوه‌ی ساڵێك و 5 رۆژه‌ تاكه‌ یه‌ك گۆڵیشی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌ و ئۆرۆگواییه‌كان ئومێد ده‌كه‌ن فۆرلان ئه‌م گرێیه‌ی به‌ختی به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین بكاته‌وه‌ ك ئه‌مشه‌و به‌رامبه‌ر یه‌ك یاری ده‌كه‌ن.

فۆرلان له‌ 3 یاری رابردووی هه‌ڵبژارده‌كه‌یدا بووه‌ خاوه‌نی زۆرترین یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوای له‌ مێژووی خۆیدا و ئه‌و یاریزانه‌ لێهاتووه‌ تا ئێستا كۆی 79 یاری به‌ درێسی هه‌ڵبژارده‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌.

فۆرلان له‌ مۆندیالی باشووری ئه‌فه‌ریقادا 5 گۆڵی تۆمار كرد و پێشه‌وایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كرد بۆ گرتنی پله‌ی چواره‌می مۆندیاله‌كه‌، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و هێرشبه‌ره‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی نه‌یتوانیوه‌ تاكه‌ یه‌ك گۆڵ بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی تۆمار بكات.

فۆرلان دوا گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوای له‌ یاری دیاریكردنی پله‌ی سێیه‌م و چواره‌می مۆندیالی ئه‌فه‌ریقادا له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا تۆمار كرد و له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و یاریزانه‌ سه‌ردانی تۆرِی هه‌ڵبژارده‌ ركابه‌ره‌كانی نه‌كردووه‌.

له‌ ماوه‌ی نێوان دوای یاری ئۆرۆگوای له‌ مۆندیالی باشووری ئه‌فه‌ریقا و یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ودا به‌رامبه‌ر ئه‌رجه‌نتین، فۆرلان 10 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌، بێ ئه‌وه‌ی له‌ هیچ كامیاندا بتوانێ تاكه‌ گۆڵێكیش تۆمار بكات.
Top