ئه‌مشه‌و له‌ جامی كۆپا ئه‌مه‌ریكا، ئه‌رجه‌نتین و ئۆرۆگوای به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون

ئه‌مشه‌و له‌ جامی كۆپا ئه‌مه‌ریكا، ئه‌رجه‌نتین و ئۆرۆگوای به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون
ئه‌مشه‌و یارییه‌كانی قۆناخی هه‌شتی جامی كۆپا ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ ئه‌رجه‌نتین ساز ده‌كرێ به‌ رووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی كۆڵۆمبیای یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و پیرۆی باشترین سێیه‌می قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی جامه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات.

هه‌ڵبژارده‌ی كۆڵۆمبیا پاڵێوراوێكی به‌هێزه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌ره‌و قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرِینی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌. كۆڵۆمبیا كه‌ توانی به‌ دوو بردنه‌وه‌ له‌ كۆستاریكا و پۆلیڤیا و یه‌كسان بوونێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینی میوانداری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بۆ قۆناخی هه‌شت سه‌ربكه‌وێت، له‌ یارییه‌كانی خۆیدا ئاستێكی به‌رزی پێشان دا و ده‌ریخست كه‌ ركابه‌رێكی به‌هێزی گه‌وره‌كانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌یه‌.

هه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی پیرۆیه‌ به‌ پردێك بۆ په‌رِینه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی كۆڵۆمبیا به‌ره‌و قۆناخی چواری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ داده‌نرێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ سوپرایزێكی گه‌وره‌ی بۆ كۆڵۆمبییه‌كان پێ نه‌بێت.

یاری دووه‌می قۆناخی هه‌شتی جامه‌كه‌ كه‌ به‌ره‌به‌یانی سبه‌ی یه‌كشه‌مه‌ ئه‌نجام ده‌درێ، هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتینی خاوه‌ن یاریگا و ئۆرۆگوای چواره‌می مۆندیالی 2010ی باشووری ئه‌فه‌ریقا كۆده‌كاته‌وه‌.

چاودێران ئه‌م یارییه‌ به‌ یاری كۆتایی پێشوه‌ختی جامه‌كه‌ داده‌نێن، به‌هۆی به‌هێزی هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌وه‌.

هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین دوای هاوسه‌نگی وه‌رگرتن و ده‌ركه‌وتنی به‌ هێزی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی كۆستاریكا له‌ دوای یاری قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كاندا، پێشبینی ده‌كرێ ئاستێكی مه‌ترسیدار به‌رامبه‌ر ئۆرۆگواییه‌كان پێشان بدات و باتێستای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌ له‌م یارییه‌شدا پێشبینی ده‌كرێ له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ پشت به‌ هه‌ر چوار یاریزانی مه‌ترسیدار، هیگواین، دی ماریا، ئه‌گویرۆ و میسی ببه‌ستێت.

هه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆرۆگوایه‌ كه‌ وه‌ك ئۆسكار تابارێزی راهێنه‌ری رایگه‌یاندووه‌، تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ئاسته‌ پێشان بدات كه‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 5 خاڵ دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌می گرت و بۆ ئه‌م قۆناخه‌ سه‌ركه‌وت.

ئۆرۆگواییه‌كان ئومێدیان به‌ دیگۆ فۆرلان و سوارێزی هێرشبه‌رانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ هه‌یه‌ تا بتوانن رێگا به‌ره‌و قۆناخی داهاتوو ببرِن.

بۆ زانین هه‌ركام له‌م دوو هه‌ڵبژارده‌یه‌ نازناوی ئه‌مساڵی كۆپا ئه‌مه‌ریكا ببات، ده‌بێته‌ پێشه‌نگی كیشوه‌ره‌كه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی 15 نازناو، پێشتر هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ 14 نازناوی كۆپا ئه‌مه‌ریكایان به‌ده‌ست هێناوه‌.
Top