هەفتەی رابردوو یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ مێژوو و ئامار (IFFHS) ریزبەندی مانگانەی باشترین یانەكانی جیهان بۆ مانگی شەشی راگەیاند، لەم ریزبەندە تەنیا یەك یانەی عێراق بوونی هەیە ئەویش یانەی هەولێرە، كە لە ریزبەندی (352)ی باشترین یانەكانی جیهان دێت، بە كۆكردنەوەی 62 خاڵ و جیاواز لەگەڵ ریزبەندی مانگی پێنج یانەی هەولێر (16) پلە هاتووە پێش، مانگی رابردوو هەولێر لە ریزبەندی (368)ی جیهان بوو، لەم ریزبەندە نوێیەدا یانەی هەولێر لە پێش گەورەترین یانەكانی ئەوروپا وەكو هامبۆرگ ئەڵمانی و وێست هام-ی ئینگلیزی و ویگان ئینگلیزی و مایۆركای ئیسپانی و لۆس ئەنجلۆس گالاكسی ئەمەریكی و چەندین یانەی تری ئەفریقیا و ئەمەریكای باشوور و ئەوروپا دێت، هەر لە هەمان ریزبەندا یانەی هەولێر لە پلەی (30)یەم باشترین یانەكانی ئاسیا دێت و لە پلەی (22)ی باشترین یانەكانی عەرەبی دێت.
جێگەی باسە ئەم ریزبەندە پشت بە ئەنجامی یانەكان لە خولەكانی وڵاتەكانیان و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان وەك خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی یەكێتی ئەوروپا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا و جامی یەكێتی ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمەریكای باكوور دەبەستێت.