لە راپۆرتێكیدا رۆژنامەی ماركای ئیسپانی كە نزیكە لە سەرچاوەكانی هەواڵ لە یانەی ریال مەدرید ئەوەی ئاشكرا كرد كە خۆزی مۆرینهۆ راهێنەری یانەی ریال مەدرید داوای گۆڕینی كاپتنی یانەی شاهانە دەكات، كە ئێستا گۆڵچی بەناوبانگ ئیكەر كاسیاس ئەم ئەركەی پێ سپێردراوە، رۆژنامەكە ئەوەی دووپات كردەوە كە لەكاتی ئەوەی مۆرینهۆ لەگەڵ یانەكانی چێلسی و ئینتەرمیلان كاری كردووە، هەردوو یاریزانی بەرگریكار جۆن تێری و خافێر زانێتی كاپتنی یانەكان بوون كە ئەوان گۆڵچی نەبوون، رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكرد كە مۆرینهۆ لە گفتوگۆكردن دایە لەگەڵ دەستەی كارگێڕی یانە و ئیكەر كاسیاس بۆ جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە، واچاوەروان دەكرێت یەك لە هەردوویاریزان سیرجیۆ رامۆس یان زاڤی ئەلۆنزۆ بكاتە كاپتنی یانەی شاهانە لە شوێنی ئیكەر كاسیاس.
لە لایەن خۆیەوە تۆری كەناڵ سپۆرت هۆكارەكانی ئەم داواكارییەی مۆرینهۆی ئاشكرا كرد، بە پێی راپۆرتی كەناڵ سپۆرت عەقلییەتی راهێنەر مۆرینهۆ پێی باش نییە كە كاپتنی تیپەكەی دوا یاریزان بێت لە یاریگا، چونكە هیچ كاریگەری لە سەر هێلی ناوەڕاست و هێرشبەر نابێت، مۆرینهۆ پێی باشە كاپتنی یانە یاریزانێكی بە جوولە بێت نەك یاریزانێك بێت كە لەژێر ستوونی گۆڵ بە دریژایی كاتی یارییەكە دەوەستێت.