جیرڤینیۆ چووە ئەرسناڵ
ئارسن ڤینگەری راهێنەری یانەی ئەرسناڵ ئاشكرای لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەرلەوەی یانەكەی گەشتی خۆی بۆ مالیزیا لە پێناو ئامادەسازی بۆ وەرزی نوێ دەست پێ بكات، ئاشكرای كرد بە فەرمی جیرڤینیۆی كۆتدیڤواری پەیوەندی بە یانەی ئەرسناڵەوە كردووە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئینگلتەرا ئاشكرایان كردووە نرخی گواستنەوەی ئەو یاریزانە 12 ملیۆن پاوەند بووە.
جیرڤینیۆ لە وەرزی رابردوودا ئاستێكی بەرزی لەگەڵ یانەی لیلی پاڵەوانی خول و جامی فەرەنسا پێشان دا و لە 67 یاریدا 28 گۆڵی تۆمار كرد.
جیرڤینیۆ تا ئێستا چەند یارییەكی بۆ هەڵبژاردەی كۆتدیڤوار ئەنجام داوە كە دیارترینیان بەشداری بوو لە كۆتاییەكانی ئۆڵۆمپیاد و مۆندیالی 2010ی باشووری ئەفەریقا.
بە هاتنی جیرڤینیۆ ئەگەری رۆیشتنی بیندتنەری هێرشبەری ئەرسناڵ لە ریزەكانی ئەو یانەیە زیاتر دەبێت.